بۆ یەکەمین جارە سیمیناری دادپەروەری بۆ ستەملێکراوانی باکووری عێراق سازکرا
"لەیلا ئەحمەد" ئەندامی تیمی گەرمیانی ڕێکخراوی وادی بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی ڕاگەیاند: بۆ یەکەمین جارە سیمیناری دادپەروەری بۆ ستەملێکراوانی باکووری عێراق لە گوندی "گاکوڵا" بە بەشداری کچ و ژنان بەڕێوەدەچێت.
وتیشی: ئامانج لەم چالاکیەمان ھۆشیاری و ناساندنی کچان و ژنانە لە ماف و ئەرکە یاساییەکانیان و چۆنیەتی چارەسەر کردنی کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونیەکان.
لەیلا ئەحمەد ئەوەشی گوت: لە سیمینارەکەماندا بڕگەکانی یاسای ژمارە٨ی ساڵی٢٠١١ و یاسای باری کەسێتیمان ڕوونکردەوە و زیاتر جەختمان لەو توندوتیژیانە کردەوە کە لەئێستادا بوونە بە دیاردە وەک بەشوودان کچانی منداڵ، خۆسووتاندن لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانی، لێدان لە منداڵ و دابڕینی لەبەر خوێندن، جیاوازی ڕەگەزی و فرەژنی...ھتد کە زۆرێک لە ژنان به دەستیەوە دەناڵێنن. هەروەها کچان و ژنانیشمان له گرێبەستی ھاوسەرگیری و مارەیی، پاشەگەزبوونەوە لە دەزگیرانداری، مەرجەکانی ھاوسەرگیری و...ھتدمان هۆشیار کردنەوە.
لەیلا ئەحمەد روونیشی کردەوه: باسی پەروەردە کردن و فێرکردنی منداڵ و چۆنیەتی ڕاھێنانی و تەعاملکردنی لەگەڵ دەوروبەر و توندوتیژی نەکردن بەرانبەر بە مرۆڤ، ژینگە و ئاژەڵ.
گوتیشی: چالاکیەکانمان بەردەوام دەبێت لە ھۆشیاری یاسایی، کۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ سەرجەم چین و توێژەکان بەتایبەت کچان و ژنان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و دەوروبەری.
payamner-
