فڕاكسیۆنی پارتی: ھەڵوێستی ئێمه، لەگەڵ ھەڵوێستی خەڵكی كوردستانه.. ئەمڕۆیش بەشداری ناكەین
(عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆخی كەركووك تایبەتە و ھەڵبژاردنی تێدا نەكراوە تاوەكو پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات، كاتی خۆیشی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیارێكی دابوو كە دادگا لە بەرژەوەندیی ئەواندا یەكلای كردەوە و باسی لەوە كرد، كەركووك ھێشتا لەسەر یاسای (پۆل برێمەر) بەڕێوە دەچێت، بۆیە سەرۆكوەزیرانیش لە دانیشتنی لەگەڵ ئێمەدا باسی لەوە كرد كە، پێویستە عێراق بەرەو لامەركەزییەت بچێت، لەبەر ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگا یاسایی و دەستوورییە و پێویستە رێزی لێ بگیرێت و قبووڵ بكرێت".
(كەرەم) گوتیشی، ئەو ئاڵایەی كوردستان لە كەركووك، بە خوێنی پێشمەرگە بەرز كراوەتەوە و تەنیا بە خوێنیش دێتە خوارەوە و پاشگەزبوونەوە نییە لێی بە ھیچ شێوەیەك، چونكە ئەمەر رێزێكە لە خوێنی شەھیدان.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، بەرزكردنەوەی ئاڵای عێراق بە تەنیا، واتا شەرعییەتدان بە ئاڵای ئەو وڵاتە، لە كاتێكدا كەركووك كوردستانییە و پێویست بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە ئاڵای كوردستانی لێ بەرز كرابایەوە، خەڵكێكیش مافی خۆیەتی سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام بڕیارەكەی پەرلەمان ھیچ نرخێكی نییە.
(عەرەفات كەرەم) زیاتر گوتی: "دوێنێ لە كۆبوونەوەی پەرلەمان كشاینەوە و ئەمڕۆیش كۆبوونەوە ھەیە، بەڵام ئێمە بایكۆتی دەكەین و بەشداری ناكەین كە بڕیارە لەبارەی بانگھێشتكردنی وەزیری تەندروستییەوە بەرێوە بچێت".
ئەوەیشی خستە ڕوو: "بڕیارە ھەر ئەمڕۆ سەعات چواری ئێوارە لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراق كۆ ببینەوە و پەیامی ئەویش بزانین، چونكە جارێ بەشداری لە كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا ناكەین و ھەڵوێستی فڕاكسیۆنی پارتی، لەگەڵ ھەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی خەڵكی كوردستاندایە".
kdp-
