غەفوور مەخمووری: کاتی جیابوونەوە لە عێراق هات
(غەفوور مەخمووری)، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە باوەڕی من، مانەوەمان لە بەغدا ھیچ سوودێکی نەماوە، بەشداریکردنی کورد لە حکوومەتەکانی عێراقدا دوای پڕۆسەی ئازادیش ھیچ کاریگەرییەکی نەبووە، چونکە بە درێژایی مێژوو ھەرکاتێک حکوومەتەکانی عێراق بێهێز بووبێتن، ھانایان بۆ کورد ھێناوە، بەپێچەوانەوە لە کاتی بەھێزیدا بەگژ گەلی کوردا ھاتوون. ئێستاش ئێمە لە ھەمان قۆناغداین، پێم وایە ئەوانەی بە ناوی کوردەوە لە بەغدان، مەبەستم نوێنەرانی ھەرێمی کوردستانە، بگەڕێنەوە، چونکە لەگەڵ بەغدا ھیچیان پێ ناکرێت و مانەوەیان تەنیا بۆ جوانکردنی حکوومەتی بەغدایە. داوا لە سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەکەم، بڕیارێک بدەن بۆ کشانەوەی ھەموو وەزیر و پەرلەمانتارەکان و تەنانەت سەرۆککۆماری عێراقیش.''
سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''داواش دەکەم، بڕیار بدرێت بۆ ھێنانە خوارەوەی ھەموو ئاڵاکانی عێراق لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا، لەبەر ئەوەی سەرەڕای ھەندێ گۆڕانکاری لە ئاڵای عێراقدا، بەڵام بەدرێژایی مێژوو لەژێر ئاڵای عێراقدا زوڵم لە میللەتی ئێمە کراوە، لەژێر ئەو ئاڵایەدا، بەھەمان ڕەنگ و دیزاینەوە چەوسێندراوینەتەوە، ھێنانە خوارەوەی ئاڵای عێراق، ھەم وەڵامێکە بۆ بڕیاری پەرلەمانی عێراق و ھەمیش ئەرکێکی نیشتمانییە، پەیامێکە بۆ وڵاتانی دنیا و دەوروبەریش، تا بزانن ئێمە خاوەنی بڕیار و ئیرادەی خۆمانین، ئەگەر بمانەوێت بەرەو دەوڵەتبوون بچین، پێویستە لەوەوە دەست پێ بکەین.''
(مەخمووری) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''تا ئێمە لە چوارچێوەی عێراقدا بژین، کێشەکانمان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوە نابێ کات بەفیڕۆ بدەین. من، خۆم لەگەڵ ئەوەدام لە ئێستاوە لە عێراق جیا ببینەوە. ئەوانەی باس لەوە دەکەن بە دانوستان کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارە بکەین، من بە ھیچ شێوەیەک لەو باوەڕەدا نیم، کە کێشەکانی ئێمە و بەغدا بە دانوستان چارە بکرێن، ڕاستە دانوستان تاکە ڕێی دیموکراسییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، بەڵام دانوستان لەگەڵ کێ دەکەین، ژیانی ئێمەی کورد ھەمووی دانوستان بووە لەگەڵ بەغدا و ئەنجامیشی نەبووە.''
kdp-
