مەدحەت سلێمان: ئەگەر عێراق بەهێز بێت بە ئاگر و ئاسن وەڵامی کورد دەداتەوە؛ باشترین چارە ڕیفراندۆمە

مەدحەت سلێمان: ئەگەر عێراق بەهێز بێت بە ئاگر و ئاسن وەڵامی کورد دەداتەوە؛ باشترین چارە ڕیفراندۆمە
ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، (د. مەدحەت سلێمان) باوەڕی وایە، ئەگەر بەغدا بۆی بچێتە سەر، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی ھەرێمی کوردستان دەداتەوە و دەشڵێت، تاکە ڕێی چارەکردنی کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمە و، عێراق ھیچ کات نابێتە وڵاتێکی دیموکراسی، تا مافەکانی کورد دابین بکات.

(د. مەدحەت سلێمان)، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی عێراق نابێتە وڵاتێکی دیموکراسی، تا ددان بە مافەکانی گەلی کوردا بنێت، چونکە دەبینین، عێراق لە شەڕێکی نەگریسدا، وەک ئێمە شەھید و برینداری داوە، کەچی ھێشتا ئامادە نییە، ئەو گەمارۆ ئابوورییەی بەسەر ھەرێمی کوردستانیدا سەپاندووە، هەڵبگرێت و بوودجە و مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بدات. ئەگەر عێراق لەو ڕەوشەدا ئامادە نییە، ددان بە مافەکانی کوردا بنێت، ئەوە ئەزموونی ساڵانی حەفتاکان دووبارە دەبێـتەوە، کە ھەرکات عێراق لاواز بێت، بە ھەموو شتێک ڕازییە و لەکاتی بەھێزیدا بە ئاگر و ئاسن وەڵامی کورد دەداتەوە. پێویستە ھەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییە باش بزانێت، دەوڵەتی عێراق خاوەنی یەدەکێکی زۆری نەوتە و دوای کۆتاییی شەڕی داعش دەتوانێت چەکی پێشکەوتوو بەدەست بێنێت و دوور نییە بەرانبەر بە کوردیش بەکاری بێنێت. کورد، مافی خۆیەتی ترسی لەو نییەتەی عێراق ھەبێت.''

راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک و باسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، کە ئێمە دەڵێین ھێڵی سوورە و دەبێت گەلی کورد بڕیاری لێ بدات، بۆ ئەوەی لە عێراق جیا بێتەوە، ھەمووی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ھەرکاتێک عێراق بەھێز بێت، ئامادە نییە بچووکترین ماف بە گەلی کورد بدات، لەبەر ئەوەش، پێم وایە ڕیفڕاندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، باشترین چارەیە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، کە تەنیا ڕۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ماوە و بەم نزیکانەش ڕۆژێک دیاری دەکرێت بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم.''

(د. مەدحەت سلێمان) ئاماژەیشی دا: ''(سەرۆک بارزانی) لەسەر پرسی ڕیفڕاندۆم داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، سەرپەرشتیی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەوەش زیاتر بۆ ئەوەیە کە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە شێوەیەکی فەرمی بەخۆیەوە بگرێت و ئەگەر ڕۆژەکە دیاری کرا، بێگومان (سەرۆک بارزانی) و ھەرێمی کوردستان داوا لە ئەمەریکا و ئەورووپاش دەکەن، لە چاودێریکردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا بەشدار بن، تا بزانن خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە عێراقدا چی دەوێت.''
kdp-
Top