سۆران.. پشکنینی پزیشکی بۆ کەمئەندامان ئەنجام دەدرێت

 سۆران.. پشکنینی پزیشکی بۆ کەمئەندامان ئەنجام دەدرێت
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سۆران، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لێژنەیەکی پزیشکیان پێکھێناوە بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی پشکنین بۆ کەمئەندامان و دیاری کردنی ڕێژەی پەککەوتەییان.

تۆران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سۆران، ڕایگەیاند: "سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ھەرچوار شارۆچکەکانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز لەخۆدەگرێت و ناوی زیاتر لە 6 ھەزار و 2 سەد کەمئەندام لەلامان تۆمارکراوە، بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەیان و دیاریکردنی ڕێژەی پەککەوتەییان، بەھەماھەنگی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی، لێژنەیەکی پزیشکیمان پێکھێناوە، کە چەند پزیشکێکی پسپۆر لە ھەموو بوارەکانی پەیوەست بە کەمئەندامان لەخۆدەگرێت، دەست دەکەینەوە بە ئەنجامدانی پشکنینەکان".

بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سۆران، گووتیشی: "ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ کەمئەندامان زۆر گرنگە تا بتوانرێت ئەوانەی ڕێژەی پەککەوتەییان زۆرە جیا بکرێنەوە لەوانی دیکەو لەمەودوا بتوانرێت بەپێی ڕێژەکانییان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ھیوادارین مووچەکانیش بەپێی ئەو ڕێژەیە دیاری بکرێت، ھەروەھا ئەوانەی کە شایستەش نین و ڕێژەی کەمئەندامییان بەو شێوەیە نییە ناوەکانییان بسڕێتەوە".










باسنیوز
Top