پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ دیاریکردنی کاتی ڕیفراندۆم ڕێک دەکەون

 پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ دیاریکردنی کاتی ڕیفراندۆم ڕێک دەکەون
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوە ئاشکرا کرا کە هەردوو لایەن لە ڕێگەی لێژنەیەکەوە سەردانی لایەنەکان دەکەن، تاوەکوو لێژنەیەک بۆ دیاریکردنی کاتی ڕیفراندۆم پێکبهێندرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی ، لە کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، چەند تەوەرێک خرایە بەرباس و گفتوگۆکردن سەبارەت بە ڕیفراندۆم و کەرکووک و بارودۆخی ناوخۆی کوردستان. هاوکات بڕیاریان داوە ھەردوولا بەیەکەوە ئەم بابەتە وەکوو بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێکەوە و وەک یەک بۆچوون کاری جددیی بۆ بکرێت.

هاوکات هەردوولا بڕیاریان داوە لە ڕێگەی لێژنەیەکەوە سەردانی لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان بکەن، تاوەکوو لێژنەیەک بۆ دیاریکردنی کات و میکانیزمی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکەن.



ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:



ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان

لە کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی چەند تەوەرێک خرایە بەرباس و گفتوگۆکردن سەبارەت بە ڕیفراندۆم و کەرکووک و بارودۆخی ناوخۆی کوردستان.

تەوەری ڕیفراندۆم لە کوردستان بۆ سەربەخۆیی: کۆبوونەوە زۆر بە وردی و ھەمەلایەنە ئەم بابەتەی تاوتوێ کرد و لە ڕوانگەی دڵسۆزی و بەخەمەوەبوونی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان و پەیوەندی نێوان عێراق و کوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی کە پێشینەی ھەبووە لە نێوانیاندا، کە لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە بە سوودی عێراق و کوردستان نەبووە، جگە لەوەی مافی گەلی کوردستانە شێوازی چۆنییەتی ژیانی سیاسی و ئیداریی خۆی دیاری بکات لە ڕیفراندۆم و قەوارەی دەوڵەتێکی سەربەخۆییدا. بۆیە ھەردوولا بەیەکەوە بڕیاریاندا ئەم بابەتە وەکوو بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێکەوە و وەک یەک بۆچوون کاری جددیی بۆ بکرێت.

ھەردوولا لە ڕێگەی لیژنەیەکی ھاوبەش ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکەن بۆ پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لەپێناو دیاریکردنی کات و میکانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

تەوەری کەرکووک و بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە فەرمییەکانی کەرکووک: ھەردوولا بڕوایان وایە کە حکوومەتی عێراق چەندین ساڵە خۆی دەدزێتەوە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق بۆیە چۆن حکوومەتی عێراق مافی ھەیە ئاڵای لە کەرکووک ھەبێت بە ھەمانشێوەیش کوردستانیش مافی ھەڵکردنی ئاڵای ھەیە چونکە لە دەستوور بە ڕوونی ئاماژە بە کەرکووک و چەند شوێنی دیکە کراوە کە ناوچەی کێشە لەسەرن ، کەواتە بۆ کوردستانیش ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک یاسایی و دەستوورییە.

تەوەری بارودۆخی ناوخۆی کوردستان: ھەردوولا جەخت لە یەکھەڵوێستی بۆ پەلەکردن لە چارەسەری کێشە سیاسی و یاسایی و ئابوورییەکان دەکەنەوە، ھەروەکوو ھاوڕا و ھاوکاریش دەبن بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و حکوومەتی ھەرێم بە تایبەتی بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا.

پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان

٢ـی ٤ـی ٢٠١٧










باسنیوز
Top