هەولێر.. پەردە لەسەر دیواربەندی قوتابخانەی پێکەوەژیان لادرا
ئیسماعیل بەرزنجی، بەڕێوەبەری مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر سەرپەرشتی كردنەوەی دیواربەندەكەی كرد و پاش خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان، هەر یەك لە وەزیری پەروەردە و پارێزگاری هەولێر وتەیەكیان پێشكەش كرد و تێیدا دەست خۆشییان لە پەروەردەكار و ئەو مامۆستایانە كرد، كە لە قوتابخانەكەدا خوێندوویانە و دەرسیان گوتووەتەوە و بە كەلوپەلە ئەرشیفییە پەروەردەییەكانیان مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێریان دەوڵەمەند كردووە و ئومێدیان خواست بەو پێیەی مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەدەی هەولێر لە پایەتەختی هەرێمی كوردستانە ببێتە هی هەموو پەروەردەكاران و مامۆستایانی كوردستان، كە بەمەش بێگومان ئەرشیفەكە دەوڵەمەنتر دەبێت.
لە دواییدا محەمەد ئەحمەد ئەڕبیلی هونەرمەندی شاری هەولێر چەند سروودێكی نیشتمانی و گۆرانی بەسەر شاری هەولێردا چڕی، كە بووە مایەی ڕەزامەندی تەواوی ئامادەبوان.
ئیسماعیل بەرزنجی بەڕێوەبەری مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر تایبەت زۆر سوپاسی كۆمەڵەی وێنەگرانی كوردستانی كرد، كە بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی كردنەوەی ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر دیواربەندی قوتابخانەی پێكەوەژیان و تەباییان پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتییەكە كردووە و لە حەوشەی بەڕێوەبرایەتییەكە دایانناوە، كە گوزارشت لەو پێكەوەژیانە دەكات، كە بە درێژایی مێژوو هەم لە قوتابخانەی ئەربیل ئولاو هەم لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستان هەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر چوار ساڵ لەمەوبەر لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا، كە دەكەوێتە سەنتەری شاری هەولێر، لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی شاری هەولێر نۆژەن كراوەتەوە و كراوەتە مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەدی هەولێر و بۆ ئەم مەبەستە هەموو ئەو قوتابی و مامۆستایانەی لەم قوتابخانەیەدا خوێندوویانە و دەرسیان گوتووەتەوە، كەلوپەلە ئەرشیفییە پەروەردەییەكانی خۆیان پێشكەش بە بەڕێوەبەرەایەتییەكە كردووە و مۆزەخانەكەیان زیاتر دەوڵەمەند كردووە.
باسنیوز
