بریمەر: دەبێ پاڵپشتیی زیاتری پێشمەرگە بکرێ
حاکمی مەدەنیی ئەمریکی لە عێراق داوای پشتگیریی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
پۆڵ برێمەر، حاکمی مەدەنیی ئەمریکی لە عێراق لە ساڵی 2003 تا 2004، بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، هاوشێوەی عەرەبی عێراق، بۆ گەلی کوردیش گرنگە بزانێ دوای رێکخراوی توندڕەوی داعش لە عێراق چی روو دەدات؟.
پۆڵ برێمەر لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان رایگەیاندووە، کە ئەو پرسە پرسی ناوخۆیی عێراقییەکانە و ئەوان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.
حاکمی مەدەنیی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەی بە هاوپەیمانیی پێشمەرگە و ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە، پێشمەرگە لە 20 ساڵی رابردوودا هاوپەیمانی ئەمریکا بووە.
پۆڵ برێمەر داوای پشتگیریی زیاتری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و رایگەیاندووە، ”دەبێ پاڵپشتیی بکرێ و چەک و پێویستییەکانی“ لە شەڕی دژی داعش بۆ دابین بکرێت.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق، حکوومەتی ئەمریکا پۆڵ بریمەری لە 12ـی ئایاری 2003 تاوەکو 28ـی حوزەیرانی 2004 وەک حاکمی مەدەنیی ئەمریکا لە عێراق دەستنیشان کرد.
پۆڵ بریمەر لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتیی خۆیدا لە عێراق، چەند بڕیارێکی مێژوویی لە عێراق دەرکرد، لەوانە، هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق.
باسنیوز
