پارێزگاری کەرکووک: ئاڵای کوردستان بە بەرزیی دەمێنێتەوە
رۆژی یەکشەممە 2.4.2017، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ریگەیاند، بڕیاری پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە داگرتنی ئاڵای کوردستان لە دامودەزگا فەرمییەکانی کەرکووک، ”نایاساییە و پەرلەمانیش بۆی نییە بڕیارێکی ناسایایی بەسەر ئێمەدا فەرز بکات“.
نەجمەدین کەریم هەروەها رایگەیاندووە، کە بەپێی دەستووری عێراق، لە کێشەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ”هەق لای ئێمەیە“.
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق جیبەجێ ناکەن و ئاڵای کوردستانیش هەر بە بەرزیی دەمێنێتەوە.
رۆژی شەممە 1.4.2017، پەرلەمانی عێراق دوای کشانەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە دانیشتنەکە، بڕیاری دا تەنیا ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک هەڵبکرێت.
پێشتر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگا بەرز بکرێتەوە.
ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دوای ئەوە درا، کە چەند ساڵێکە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوور و رۆژئاوای شارەکە بە ئاڵای کوردستانەوە بەرگریی لە کەرکووک و دانیشتووانەکەی دەکەن.
باسنیوز
