ڕاوێژکاری دیوانی شاهانە: شاسەلمان پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات

ڕاوێژکاری دیوانی شاهانە: شاسەلمان پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات
ڕاوێژکاری دیوانی شاهانەی سعوودی ئاشکرای کرد کە شا سەلمان، شای سعوودیە، جەخت لە پشتیوانیی خۆی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.



بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (کەیهان ئەلعەرەبی) کە پشتی بە ڕۆژنامەی (عوکاز)ی سعوودی بەستووە، عەبدوڵا بن عەبدولعەزیز بن محەمەد ئەلڕەبیعە، ڕاوێژکاری دیوانی شاهانەی سعوودیە، ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و دیداری لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانێکی سەرکەوتوو بووە و دوایین بارودۆخی ناوچەکە و شەڕی دوو ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان لە دژی تیرۆریستان و لەخۆوەگرتنی ملیۆنان ئاوارە تاوتوێ کراوە.



ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە کوردستان توانایەکی زۆری لە بوارەکانی ئابووری، ڕۆشنبیری، سیاسی و سەربازیدا هەیە کە وایکردووە ئێران و تورکیا لە سێ دەیەی ڕابردوودا نەیانتوانیوە بەسەریدا زاڵ بن، ئەو توانایانە بۆ سەربەخۆیی کوردستان پشتیوانن و دەبنە هۆکارێک بۆ پاراستنی سەقامگیریی تەواو.



بە گوتەی ڕاوێژکاری دیوانی شاهانەی سعوودیە، کوردستان دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ دابین بکات و سەرەڕای هەڕەشەی مەترسیدار “لەلایەن وڵاتانی دراوسێ”، بەڵام وەک ناوچەیەکی بەهێز بوونی دەبێت. ئەوەشی گوتووە: “شا سەلمان عەبدولعەزیز، جەخت لە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دووپات دەکاتەوە، لەپاڵ ویستی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندیی سعوودیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سەرجەم کاروبار و بوارەکاندا”.



ماڵپەڕی (کەیهان ئەلعەرەبی) کە سەنتەرەکەی لە تارانی پایتەختی ئێرانە، ئەم قسانەی ڕاوێژکاری شاهانەی سعوودیەی بە دووفاقی و پیلانگێڕیی ئەو وڵاتە لێکداوەتەوە.



ڕاوێژکاری شاهانەی سعوودیە لە سەرەتای مانگی ئاداری ڕابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە ڕۆژی 6/3/2017 دیداری لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.



پێشتر هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە لەمساڵدا هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات. دواتریش محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە ئەمجارە بە تەنیا چیاکان پشتیوانیی کوردستان نین، بەڵکوو چەندان وڵات پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.








باسنیوز
Top