پەڕلەمانتارێکی کورد: سکاڵا دژی بڕیاری ھێنانە خوارەوەی ئاڵای کوردستان تۆمار دەکەین
پەڕلەمانتارێکی کورد، ئاماژە بەوە دەدات کە دەنگدان لەسەر پڕۆژەی ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووک نایاساییە، بۆیە لەسەر ئەو پرسە لە دادگای فیدراڵی سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن.
محەمەد عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەفراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند: "دەنگدان لەسەر پڕۆژەی ھەڵوەشاندنەوەی ئاڵای کوردستان، لە دامودەزگا حکوومییەکانی پارێزگای کەرکووک، کارێکی نایاساییە و بۆ ئەو مەبەستە لەدادگای فیدڕاڵی سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: " کۆمەڵێک ئاڵای وڵاتانی دەوروبەر و ڕێککەووتنی سەیر و سەمەرە و پێشێلکردنی سەروەری عێراق، ھەموو ئەوانە لای ئەوانەی ئەمڕۆ دژی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوون، جێگەی باس نییە تەنھا ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لایان بووە بە گرفت".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "کۆمەڵێک ھێزی غەیرە عێراقی لە ناوچەکەدا بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن دەکەن، لەسەر ئەوە ھیچ شتێک ناڵێن، ئێستا خێرە لەسەر ئەو ئاڵایە ھاتوونەتە دەنگ، بۆیە حەزدەکەم باش بزانن داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ھێڵی سوورە و کەس ناتوانێ ئەو ئاڵایە لابەرێت".
محەمەد عوسمان، بۆ (باسنیوز) گوتیشی: "ئاڵای کوردستان بەپێی دەستوور و ڕێککەوتنی سیاسی دەشەکێتەوە، بۆیە ھیچ ھێز و لایەنێک ناتوانێت ڕێگری لەو ئاڵایە بکات، ئەوەشی بیەوێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان لاببرێت، سبەی خۆی بەرپرسیارە لەوەی چی لە کەرکووک دەگوزەرێت، ھەروەھا دوای ئەوەی ئاڵای کوردستان لە دامودەزگا حکوومییەکانی پارێزگای کەرکووک بەرزکرایەوە، ئێستا ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین کەرکووک بگەڕیتەوە سەر ھەرێمی کوردستان".
bas news-
