پەرلەمانتاری یەکگرتوو: گەر خاوەنی خۆمان نەبین کەس فریامان ناکەوێت
پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەمڕۆ بۆیان دەرکەوت کە ئەگەر خۆمان خاوەنی خۆمان نەبین، کەس خاوەنمان نییە، ھەرچی فراکسیۆنی پەرلەمانی بوو، ئەمڕۆ دژی کورد، یەکی گرتبوو.
جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراقی لە فراکسیۆنی یەکگتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھیچ بەھایەکی نییە، بەڵام خۆشبەختانە دوای ماوەیەکی درێژ، ناوماڵی کورد یەکی گرتەوە، داواکاری من ئەوەیە کە کوردستانیان پشتی یەک بگرن و ھەموومان یەکھەڵوێست بین".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: "لەبارەی کەرکووکەوە، تا ئێستا حکوومەتی عێراقی باسی دەستووری نەکردووە، بەڵام ئێستا باسی دەستوور دەکات، سەدان گرفتی دەستووری ھەیە کە تا ئێستا حکوومەتی عێراقی باسی نەکردووە، وەک ماددەی 140 و گرفتی پتڕۆدۆلار و چەندی دیکە".
ئاشکراشی کرد: "ئێمە ئەمڕۆ بۆمان دەرکەوت کە وەک گەلی کورد ئەگەر خۆمان خاوەنی خۆمان نەبین، ئەوا کەس خاوەنمان نییە، چەندین فراکسیۆنی کوردی کە نزیکی فراکسیۆنی دیکەی پەرلەمان بوون، ئەمڕۆ ھەموو دژی گەلی کورد وەستان".
bas news-
