شاخەوان عەبدوڵڵا: هیچ هێزێك ناتوانێ ئاڵای كوردستان لە كەركووك داگرێ
شاخەوان عەبدوڵلا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە (باسنیوز)ی راگەیاند كە سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان رۆڵی لەو كارەدا هەبووە و دیسان سیاسەتێكی دیكەی دوژمنكارانەی بەرامبەر كورد بەكارهێناوەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵلا گوتی فراكسیۆنە شیعە و سوننەكان دەنگیان لەسەر ئەو بابەتەدا كە بڕیار بوو تەنها بۆ گفتوگۆكردن بێت نەك دەنگدان، بڕیار بوو ئەو بابەتە بدرێتە لیژنە تایبەتمەندەكان، بەڵام سەلیم جبووری خستیە دەنگدانەوە، ئێمەش وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان قبووڵمان نەكرد، بەمەش گرژی دروست بوو و بایكۆتی دانیشتنەكەمان كرد و تانەش لەو دەنگدانە دەدەین.
هەروەها رایگەیاند كە ئاڵای كوردستان لە كەركووك هەڵكراوە، ئەگەر دەتوانن با بچن لەسەر ئەرزی واقیع ئاڵای كوردستان بهێننە خوارەوە، هیچ هێزێك ناتوانێ ئاڵای كوردستان لە كەركووك بهێنێتە خوارەوە.
ئەندامە كوردەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی بە پێی دەستوور، ئەنجوومەنی پارێزگای هەر پارێزگایەك بۆی هەیە بڕیار لە سنووری ئیداری خۆی بدات.
شاخەوان عەبدوڵڵا راشیگەیاند هیچ یاسایەك لەبەر دەست نییە لەمبارەیەوە. هەروەها رایگەیاند كە ئێستە لە عێراق سیاسەتی زۆرینە حوكم دەكات، بەڵام دەبێ باجی ئەو سیاسەتی زۆرینەیە بدەن.
bas news-
