ئاسایش لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكات كە ناوی خەڵك بۆ حەشدی شەعبی دەنووسن
ئەحمەد قەدەفەری جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی نۆی شارەزووری یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی ناونوسین بۆ حەشدی شەعبی لەناوچەكەماندا زیادی كردبوو، ئاسایشی شارەزوور بانگی ئەو كەسانەی كردووە، كە ناوی خەڵكیان نووسیوە و ئاگاداری كردوونەتەوە، كە واز لەو كارەبێنن". قەدەفەری گوتی "ئەوەندەی ئاگاداربم 4 كەس لەوانەی ناویان دەنووسی، ئاسایش بانگهێشتی كردن، لەو كاتەشەوە دیاردەكە كەم بووەتەوە".
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی نۆی شارەزووری یەكێتی، باسی لەوەش كرد بەشێك لەوانەی ناوی خەڵكیان نووسیوە بۆ شاردنەوەی ئەو كارەیان باسیان لەوە كردووە، كە بۆ سوپای عێراقی ناوی خەڵكیان نووسیوە ، قەدەفەری گوتی "ئەوەش نابێت، راستە بەپێی یاسا دەبێت 17% سوپای عێراقی كورد بێت، بەڵام ناونووسین بۆ سوپای عێراق دەبێت لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی 70 و 80 وە بێت، نەك ئەو جۆرە كەسانە".
ئەحمەد قەدەفەری ئاشكراشی دەكات: "یەكێك لەوانەی ناوی خەڵكی بۆ حەشدی شەعبی دەنووسی، مفەوەزی پۆلیس بوو".
لەماوەی رابردوودا لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان چەندین كەس دەستیان كرد بە ناونووسینی خەڵك بۆ حەشدی شەعبی.
rudaw -
