ئەشواق جاف: ئەوانەی مالیکییان کردبووە مەرجەعی خۆیان زانییان کە شیعەکان هاوپەیمانی کورد نین

 ئەشواق جاف: ئەوانەی مالیکییان کردبووە مەرجەعی خۆیان زانییان کە شیعەکان هاوپەیمانی کورد نین
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕەخنەی توندی لەو پەرلەمانتارانەی فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان گرت کە داوای پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە حکوومەتی عێراق دەکەن و ڕای گەیاند: “ئەمە خۆفریودانە”.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، لە لێدوانێکی ڕای گەیاند: “ئەوە خۆفریودانە کە وابیر بکەینەوە لە بەغدا خەڵکانێک هەن کە لە سەر مافەکانمان ڕەزامەندن. ئەوانەی پێیان وایە کە دەبێت مافی کورد بدرێت بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە بەغدا خۆفریودانە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا کاتێک بارزانی داوای یەکلاکردنەوەی پرسی کورد و دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستانی دەکرد، “هەندێک کەس بە کێشەی شەخسی لێکیان دەدایەوە، ئەوەتا ئێستا خۆیان دەبینن کە پەرلەمانی عێراق دژی ئاڵای کوردستان دەوەستێتەوە”.

باسیشی لەوە کرد کە کێشەی کورد لە عێراق کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵکوو کێشەیەکی سیاسییە و دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بکشێنەوە و بە بەغدا بڵێین کە ئەوان خۆیان هۆکارن بۆ کشانەوەکە، چونکە: “بوونی کورد لە بەغدا تەنیا بۆ ڕەوادانە بە بڕیارە نایاساییەکانی عێراق”.

عەلی عەنی لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: “بێگومان ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق ڕووی دا، دەرخەری ئەوەیە کە داواکارییەکانی هەندێک لە یەکێتییەکان و گۆڕانەکان بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەڵە بووە. ئەوە چاوەڕوانکردنی شیرە لە چۆلەکە. یەکێتی و هاوفکرەکانیان دەڵێن دەرفەتێکی دیکە بدەینە عێراق، ئەوە 100 ساڵە دەرفەت دەدەینە عێراق. هەموو جۆرە مۆدێلێکمان لە عێراق تاقی کردەوە، لە پاشاییەوە تا کۆماری و ئیشتراکی، بەڵام سوودی نییە. بۆ یەکێتی و ئەوانی دیکەش سەلما کە عێراق شایانی ئەوە نییە هەلی بدرێتێ. بەڵکوو ئێمە بکشێینەوە و بڵێین مادام ئێوە دژی مافەکانمانن، ئەوە ئێمەش چارەنووسی خۆمان دیاری دەکەین”.

لە لایەن خۆیەوە، ئەشواق جاف، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ ھەندێک لە لایەنە کوردستانییەکان کە پێشتر مالیکیان کردبووە مەرجەعی خۆیان، بۆیان ڕوون بووەوە کە عەرەبە شیعەکان ھاوپەیمانی کورد نییە و جگە لە کورد، کەس پاڵپشتیی کورد نییە". ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو لایەنە کوردییانەی ھێرشیان دەکردە سەر ھەرێمی کوردستان و بەغدا و عەرەبیان بە باش دەزانی، ئەمڕۆ بینییان کە پەرلەمانی عێراق پەیامێکی دیکەی لە ڕێگای بریاردان بۆ داگرتنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووک ئاراستە کردن، پێشتریش مالیکی و ئەو پەرلەمانی عێراقە مووچەی پێشمەرگە و مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیان بڕیبوو".

ئەشواق جاف دەڵێت: “نازانم ئێمە بۆ لە بەغداین کە نەتوانین مافی پێشمەرگە و جووتیار و ھاووڵاتییان وەربگرینەوە".

لە ماوەی ڕابردوودا، هەریەک لە ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بە ئاشکرا داوای گەڕانەوە بۆ بەغدایان دەکرد و تەنانەت ئاڵا تاڵەبانی لە کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە مالیکی ڕای گەیاند: “سەربەخۆیی کوردستان پیلانێکە دژی یەکپارچەیی عێراق”. ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی عێراق لە چەند وتارێکیدا باسی لەوە دەکرد کە دەبێت جارێکی دیکە دەرفەت بە عێراق بدرێت و ئەگەر ئەمجارە داواکارییەکانی کورد جێبەجێ نەکرا، ئینجا بڕیار لەبارەی چارەنووسی هەرێمی کوردستان بدرێت.










باسنیوز

Top