فراکسیۆنە کوردستانییەکان تاوتوێی بایکۆتکردنی گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن

 فراکسیۆنە کوردستانییەکان تاوتوێی بایکۆتکردنی گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن
دوای بڕیارءێکی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەو پەرلەمانە تاوتوێی بایکۆتکردنی گفتوگۆکانی پەرلەمان دەکەن.

ئەشواق جاف، پەرلەماناری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ھەموو لیستە کوردییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق ھۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان بەجێ ھێشت و ھاتنە دەرەوە، چونکە پەرلەمانی عێراق ویستی بڕیارێک بۆ داگرتنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووک بدات، بۆیە ”باکۆتی دانیشتنەکەمان کرد و ڕامانگەیاند، ئەوە بڕیارێکی نایاسایی و نادەستوورییە، بەڵام ئەوان گوێیان لێنەگرتین و بڕیارەکەیان پەسەند کرد".

ئەشواق جاف هەروەها رایگەیاند، کە بڕیارە فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی دوو بابەت دەکەن، کە ”یەکەم، دەبێـت دۆسیەیەکی یاسایی ئامادە بکەین بۆ ئەوەی ڕوونی بکەینەوە، بریارەکەی پەرلەمانی عێراق نایاسایی و نادەستورییە. دووەم، بایکۆتی سیاسیی گفتوگۆکانی پەرلەمان بکەین یان نە“.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە ئاگادارکردنەوەی سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، ”بەسەلیم جبوریمان ڕاگەیاند ئەو بڕیارەی ئەوان نادەستوری و نایاساییە و ناکرێت بڕیارێکی لەو جۆرە بدرێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە پێکەوەژیان و کەرکووکییەکانەوە ھەیە“.

فراکسۆنە کوردستانییەکان داوایان بە سەلیم جبوورییان راگەیاندووە، لە کەرکووک هەڵبژاردن نەکراوە و هەر کێشەیەک سەبارەت بەم پارێزگایە هەبێت، ”پێویستە لە دادگای باڵا یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام جبوری گویی لێ نەگرتین، بۆیە ئاڵۆزیەک دروست بوو، ھەرچەندە پرسەکە پرسی ئاڵا بوو، بەڵام دواتر پرسی نەوتیش ھاتە ئاراوە و ئێمە دانیشتنەکەمان بەجێ ھێشت".






باسنیوز
Top