میسال ئالووسی: پەرلەمانی عێراق بۆی نییە ڕێگە لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بگرێت
پاش ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 1/4/2017، پەرلەمانی عێراق بەبێ فراکسیۆنە کوردستانییەکان، دەنگی لە دژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دا. میسال ئالووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی مەدەنی دیموکراسی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ”ئەم بڕیارە هەڵەیە، سەیرکە ئێستا کاتێک سەردانی ئەمریکا دەکەیت، لەپێش هەر ئەندام کۆنگرێسێک، دەبینیت ئاڵای ئەمریکا و ئاڵای ویلایەتەکەی خۆی و تەنانەت هەندێکجار ئاڵای حزبەکەشی هەیە. تەنانەت دەوڵەتی باشوور هەیە لە ئەمریکا کە ئێستا هەر نەشماوە، بەڵام ئاڵاکەی ماوە و خەڵک ڕێزی لێ دەگرێت“.
ئالووسی جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتێک نەتوانێت ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگایەکی وەک بەسڕە دابین بکات و ئاسایش بۆ پارێزگاکانی باشوور دابین بکات، مافی ئەوەی نییە ڕێ لە بڵندکردنی ئاڵای هەرێمێکی دەستووری بگرێت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بابەتی پەرلەمان پەیوەندی بە زۆرینە و کەمینەوە نییە و گوتی: ”لە پەرلەمانی عێراق بڕیارەکان بەو جۆرە، ئەگەر باڵیۆزی ئێران ئاماژەیەکی دا، ئەوا دەنگدانەکە بە جۆرێک دەبێت و ئەگەریش باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەیەکی دا، بڕیارەکە بە جۆرێکی دیکە دەبێت“.
سەرۆکی هاوپەیمانیی مەدەنیی دیموکراسی لە لێدوانەکەیدا باسی لەوە کرد: ”هەموو سیاسەتەکانی حکوومەتی عێراق بەو ئاراستەیەیە کە کوردستان لە عێراق جیا بکەنەوە، بۆ نموونە کەسێک کاغەزێکی دادنووسی هەولێر دەهێنێتە بەغدا، دەبێت بچێت لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقی پەسەندی بکات، تاوەکوو کاری پێ بکرێت“.
لەبارەی ڕیفراندۆم و پرسی سەربەخۆییشەوە گوتی: ”ڕیفراندۆم مافێکی زۆر ئاسایی خەڵکی کوردستانە تاوەکوو بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. من وەکوو میسال ئالووسی، پشتیوانی ئەو ڕیفراندۆمە دەکەم و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەدەم“.
باسنیوز
