محەمەدی حاجی مەحموود: نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەییان بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕیفراندۆم دەربڕیوە
ئەمڕۆ شەممە 1/4/2017، محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند، لە دوایین گەشتیدا کە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەورووپا ئەنجامیان دا و نوێنەرایەتیی وڵاتانیان بینی، ”بارزانی پەیامێکی گەلی کوردستانی بە وڵاتان گەیاند و پێی گوتن کە ئێمە دەمانەوێت بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین و گرنگە گەلانی دونیاش ئاگاداری ئەوە بن. لە ئاستی باڵا ئەو کەسانەی ئێمە بینیمان، پشتیوانییان لە سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم کرد. ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بە پاڵپشتییەکی بەهێزەوە دەبێت“.
محەمەدی حاجی مەحموود جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارە ئەمساڵ بارزانی هەوڵەکانی بۆ ڕیفراندۆم چڕ بکاتەوە و ”حزب و لایەنەکانی کوردستانیش بە فراوانی پشتیوانییان لەم هەوڵە کردووە“. دووپاتیشی کردەوە کە ئەمجارە کورد بە تەنیا چیاکان پشتیوانیان نابێت، بەڵکوو ئەمجارە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هێڵ دەبن.
لە کۆتاییشدا ئەوەی ئاشکرا کرد: ”نەتەوە یەکگرتووەکان تاڕادەیەک ئامادەییان بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕیفراندۆم دەربڕیوە“ و ئەمەشی بە جێگەی خۆشحاڵی وەسف کرد.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایگەیاند کە لەمساڵدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت.
لە هەمان ڕۆژدا و لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاند کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنیوز
