حکوومەتی خۆجێیی نەینەوا داوای پاڵپشتی لە بارزانی دەکات
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 1.4.2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە شارۆچکەی پیرمام لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی حکوومەتی خۆجێیی نەینەوا و نوێنەری پێکهاتە جیاوازەکانی مەسیحی، تورکمان، عەرەبی سوننە و کوردانی ئێزیدی و شەبەکی پارێزگاکە ستایشی قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە و سوپاسی ”ئەرک و ماندووبوون“ی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لە سەرکردایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ و جێگیرکردنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان و پاراستنیان، کردووە.
پارێزگاری نەینەوا و شاندەکەی نەینەوا بە پێویستیان زانیوە هەرێمی کوردستان و نەینەوا هەماهەنگییان هەبێت، چونکە ”ئاساییش و سەقامگیری و بووژانەوەی نەینەوا و ھەرێم کاریگەریی لەسەر یەکتری ھەیە“، هاوکات سوپاسی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کردووە، بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی ئەو پارێزگایە.
شاندی حکوومەتی خۆجێیی نەینەوا داوایان لە مەسعود بارزانی کردووە، کە لە پاڵپشتییەکانی بۆ پێکهاتەکانی پارێزگای نەینەوا بەردەوام بێت و رایانگەیاندووە، حکوومەتی عێراق بەپێی پێویست هاوکاریی خەڵک و ئیدارەی نەینەوای نەکردووە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکەی بە نوێنەری یاسایی خەڵکی پارێزگای نەینەوا ناساندووە وەش رایگەیاندووە، کە ئەگەرچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی عێراق بەرامبەر ئاوارەکانی مووسڵ کەمتەرخەم بوونە، بەڵام هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ کردوونەتەوە و ئەم کارەشی بە ”ئەرکێکی مرۆیی و نیشتیمانی“ وەسف کردووە.
مەسعود بارزانی تیشکی خستووەتە سەر هۆکارەکانی سەرهەڵدانی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە مووسڵ و باسی زیانە مرۆیی و ماددییەکانی هەرێمی کوردستانی لە ئەنجامی هێرشی داعش کردووە و رایگەیاندووە، ”ھەرێمی کوردستان ناتوانێ بەرانبەر ئاییندەی موسڵ تەماشاگەر بێت و پێویستە لە دواڕۆژی پێکھاتەکان و پارێزگای نەینەوا و ئاساییشی ھەرێم دڵنیا بین و چیتر ڕێگە نەدرێت کارەسات و ھەڕەشەکان دووبارە ببنەوە“.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گرنگیی و بایەخی قۆناغی دوای داعشی لە مووسڵ کردووە و بەپێویستی زانیوە خەڵکی پارێزگاکە خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن و بپارێزن و رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان چاوپۆشیی لە تاوانەکانی هیچ کەس و لایەنێک ناکات، کە ”هاودەست و هاوکاری داعش بوون“ لە دژی گەلی کوردستان“.
باسنیوز
