پەرلەمانتارێک: تێگەیشتنی بەغدا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان گۆڕاوە

پەرلەمانتارێک: تێگەیشتنی بەغدا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان گۆڕاوە
پەرلەمانتارێکی عێراق رایدەگەیەنێت، کە تێگەیشتنی سەرکردەکانی عێراق لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان گۆڕاوە.



شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکردەیەکی عەرەبیە و بە دڵنیایەوە ترسی دابڕانی کوردی لە عێراقدا ھەیە، چونکە سنووری عێراق بچوک دەبێتەوە، بەڵام دواجار تێدەگات ئەگەر عێراق بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت و حکوومڕانی عێراق نەگۆڕدرێت، ئەوا کێشەکان بەردەوام دەبن.



شاخەوان عەبدوڵڵا پێیوایە بەشێکی زۆر لە سەرکردە و کەسایەتییە عەرەبەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەنین چیتر عێراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە و بە پێویستی دەزانن کۆتایی بە کێشەکان بهێندرێت، ”بەڵام دواجار ئەوە ئێمەین بڕیار دەدەین".



ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە تێگەیشتنی بەشێک لە سیاسەتمەدار و سەرکردە عەرەبەکان لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە کرد و رایگەیاند، ”پێشتر باسی دەوڵەتی کوردی بکرایە بەلای ئەوانەوە شتێکی گەورە بوو، بەڵام ئێستا وازیان لە ھەرێمی کوردستان ھێناوە و قسە لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکانە".



شاخەوان عەبدوڵڵا باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی کرد و پێیوایە پەیامی چارەسەریی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بۆ ئەو ناوچانە، لە رێگای سەرپەرشتیکردنی نیودەوڵەتییەوە، رێگایەکی باشی چارەسەرە و ”ئێمەش بەتەواوی لەگەڵ ئەوەداین".


باسنیوز
Top