چارلز تانۆک: بەریتانیا لە 1920ەوە بەڵێنی وڵاتی سەربەخۆی بە کورد داوە
سیاسەتمەدارێکی دیاری بەریتانیا و نوێنەری ئەو وڵاتە لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، جەختی لەوە کردەوە کە گەلی کورد شایانی وڵاتێکی سەربەخۆیە.
پاش ئەوەی ئێواری ڕۆژی پێنجشەممە 30\3\2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی ڕاگەیاند کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت.
چارلز تانۆک، سیاسەتمەداری دیاری بەریتانی و نوێنەری ئەو وڵاتە لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردەوە: ”بەریتانیا لە ساڵی 1920دا ئەو بەڵێنەی بە کورد داوە“. جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەگەر گەلێک ھەبێ کە شایەنی مافی چارەی خۆنووسین و وڵاتێکی سەربەخۆ بێت، ئەوا ئەو گەلە پێویستە گەلی کورد بێت“.
هەر ڕۆژی پێنجشەممە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت سەرپەرشتیی ڕیفراندۆمەکە بکات.
bas news -
