ئەنادۆڵ: توركیا رەزامەند نیە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان

ئەنادۆڵ: توركیا رەزامەند نیە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان
ئیبراهیم كاڵین وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاند، ئەنجامدانی ریفرندۆم لە "نزیكترین كاتدا" بەمەبەستی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان "هەنگاوێكی هەڵەیە"و توركیا رازامەندنیە لەسەر خستەڕووی پرسێكی لەو شێوەیە.

ئەو وتانەی وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات، كە دوێنێ پێنجشەممە لەكۆشكی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەدا بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی ئاژانسی ئانادۆڵی توركی.

ئیبراهیم كاڵین وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاند، ئەنجامدانی ریفرندۆم لە "نزیكترین كاتدا" بەمەبەستی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان "هەنگاوێكی هەڵەیە"و توركیا رازامەندنیە لەسەر خستەڕووی پرسێكی لەو شێوەیە، بەتایبەت لەكاتێكدا ئاسایشی هەرێمایەتی و ناوچەكە لەوپەڕی مەترسیدایە.

ئەو وتانەی وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا دوای ئەوە دێت كە دوێنێ پێنجشەممە مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرز سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەشاری هەولێر كۆبووەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، بارزانی لەكۆبوونەوەكەدا بە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان-ی راگەیاندووە "لەزوترین كاتدا" هەرێمی كوردستان ریفراندۆم ئەنجامدەدات.

بارزانی لەكۆبوونەوەكەدا داوایكردووە "لێكتێگەیشتن هەبێت، سەبارەت بەو داخوازیە".

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەی دوێنێی بارزانی و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، بارزانی دوپاتیكردووەتەوە، "لە ئاییندەیەكی نزیكدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی".

وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا دووپاتیشیكردەوە هەنگاوێكی لەو جۆرە "هەڵەیە" بەتایبەتی لەم "كاتە ناسكەدا".

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی ئاماژەی بەوەشكردووە، عیراق بەساتەوەختێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و شەڕی داعش بەردەوامی هەیە، هاوكات شەڕی توركیاش لەدژی پەكەكە بەردەوامە.

كاڵین راشیگەیاند، ئەوان (توركیا) پێیان وایە هەنگاوێكی لەو جۆرە هەڵەیە بەتایەبەتی لەم كات و سەردەمە ناسكەدا، جەختیشیكردەوە"ئێمە رەزامەندنین كە ئەو پرسە بخرێتەڕوو و باسبكرێت، لەكاتێكدا كە ئاسایشی ناوچەكە لەوپەری مەترسیدایە".

وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا گرنگی پاراستنی یەكپارچەیی عیراقی دووپاتكردەوەو وتی "ئەگەری دابەشبونی عیراق بەگوێرەی بنەمای ئتنیكی و مەزهەبی بەتەنها بە خاكی عیراقەوە سنوردارناكرێت، بەڵكو پەلدەهاوێت بۆ ناوچەكە و هەمووان باجی هەنگاوێكی لەو جۆرەدەدەن".

لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەتەنیشت ئاڵای عیراق لەسەر بینا حكومیەكانی شاری كەركوك، وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا، رازامەندنەبون و نیگەرانی وڵاتەكەی دەربری وتیشی "هەڵكردنی ئاڵای كوردستان هۆكاری نوێ دەهێنێتەئاراوە بۆ گرژی و ئاڵۆزی، پێشبینی ئێمەش لە ئیدارەی ناوخۆیی ئەوەیە كە بەزویی كۆتایی بەم كردارە بهێنن".
XANDAN -
Top