میر تەحسین بۆ گۆتێریس: دەمانەوێ شنگال بکرێتە پارێزگایەکی سەر بە هەرێمی کوردستان

 میر تەحسین بۆ گۆتێریس: دەمانەوێ شنگال بکرێتە پارێزگایەکی سەر بە هەرێمی کوردستان
یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی نێوان کوردانی ئێزدی و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی ئاشکرا کرد کە گۆتێریس داوای کردووە، کوردانی ئێزدی هاوشێوەی عەرەبە سوننە و شیعەکانی عێراق، داخوازییەکانیان لە ڕاپۆرتێکدا پێشکەش بە بارزانی بکەن.

پاش ئەوەی ئەمڕۆ هەینی 31/3/2017، ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ شاندێکی باڵای کوردانی ئێزدی کۆبووەوە. شێخ شامۆ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند، گۆتێریس گرنگییەکی زۆری بۆ بابەتی کوردانی ئێزدی هەبوو و لە کۆبوونەوەکەی دوێنێیدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، بە وردی لەبارەی ئێزدییانەوە گفتوگۆی کردووە. گوتیشی: ”ئێمە هەرچییەکمان لێی داوا دەکرد، ئەو دەیگوت لەگەڵ جەنابی بارزانی باسمان کردووە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە گفتوگۆکەدا باسیان لە بابەتی پەکەکە کردووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە بوونی چەند گرووپێکی نافەرمیی سەر بە پەکەکە، مەترسی لەسەر ئایندەی شنگال دروست کردووە، بەڵام: ”سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی گوتین کە لەگەڵ بارزانی ئەو بابەتەی باس کردووە و ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ بارزانی و عەبادی لێکتێگەیشتنیان بۆ سەرجەم بابەتەکان کردووە“.

شێخ شامۆ ڕایگەیاند: ”ئەنتۆنیۆ گۆتێریس پێی گوتین، شیعەکان ڕاپۆرتێکیان لەبارەی بۆچوونی خۆیان و داواکارییەکانیان داوەتە بارزانی، سوننەش بەهەمان شێوە، پێی گوتین پێم باشە ئێوەش داواکارییەکانی خۆتان لە ڕاپۆرتێکدا پێشکەش بە بارزانی بکەن، بۆ ئەوەی لە نێوان بارزانی و عەبادی میکانیزمێک دروست بکرێت بۆ چۆنیەتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچەکە“.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵێنی بەردەوامیدان بە گەیاندنی هاوکارییەکانیان بۆ کوردانی ئێزدی داوە و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە لەسەر پێشنیازێکی بەریتانیا، دادگایەکی ناوخۆیی عێراقی بەڵام بە ڕەنگێکی نێودەوڵەتی، بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی دادەمەزرێت.

شێخ شامۆ ئاشکرا کرد: ”لە کۆبوونەوەکەدا میر تەحسین، میری کوردانی ئێزدی بۆ گۆتێریسی تەئکید کردەوە، ئەگەر دەشتی مووسڵ و شنگال ببنە پارێزگا و سەر بە هەرێمی کوردستان بن، بۆ کوردانی ئێزدی باشترە. بەراوردیشی کرد بەوەی کە هەرێمی کوردستان تاچەند کاری باشیان بۆ ئێمە کردووە و چەندە هەوڵیان لەپێناو باشترکردنی دۆخی کوردانی ئێزدی داوە“.












باسنیوز
Top