"نوێنەرانی ئەنەکەسە لە دەستەی گفتوگۆی جنێف کشانەوە"

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا گوتی، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پڕۆژەی ئەوانی دەربارەی مافەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕەت کردووەتەوە، بۆیە نوێنەرەکانیان لە دەستەی گفتوگۆ کشاونەتەوە، بەڵام لە کۆنگرەی جنێف بەردەوام دەبن.

ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، (د. کاوە ئازیزی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، وەکو ئەنەکەسە پڕۆژەیەکمان پێشکەشی کۆنگرەی جنێف کردبوو بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە سووریا، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەکە گفتوگۆی لەسەر نەکرابوو، ئێستا کاتی دانوستان دەربارەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریایە و، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەو پڕۆژەیەی ئێمەی ڕەت کردووەتەوە، لەبەر ئەوە ئەندامانی ئێمە لە دەستەی گفتوگۆدا ئامادە نابن، بەڵام ھەر لە جنێف دەمێننەوە.''

(د. کاوە ئازیزی) گوتی: ''بڕیارە ئەمڕۆ ئەو کێشەیە چار بکرێت و ئەگەر چار نەکرا، ئەوکات ئێمە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدەین و ھەموو شتەکان ڕوون دەکەینەوە.''

(د. کاوە ئازیزی) ڕوونی کردەوە: ''ئێمە لە پڕۆژەکەی خۆماندا داوامان کردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان فیدراڵی ھەبێت و، جگە لەوەش وەکو کەمەنەتەوە تەماشامان نەکرێت، کەچی ئەوان ئەمە قبووڵ ناکەن. بەڵام ئێمە ھیوادارین ئەو کێشەیە چار بکرێت و ھەرچۆنێک بێت لە جنێف بەردەوام دەبین بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد.''

(د. کاوە ئازیزی) ئاماژەیشی دا: ''ئێستا پێنج ئەندامی ئێمە لە کۆنگرەی جنێفدا بەشدارن، کە سێیان وەکو ڕاوێژکار بەشدارییان کردووە.''

KDP-
Top