وەزیری تەندروستی: خەریکه لەم قەیرانه رزگارمان دەبێت

وەزیری تەندروستی: خەریکه لەم قەیرانه رزگارمان دەبێت
وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێکەوت حەمەڕەشید لەمیانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی بەخشینی خەڵات بە پزیشکان و کارمەندانی فریاگوزاری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی رایگەیاند "خۆشحاڵین بەوەی کە توانراوە مەراسیمێکی ریزڵینان بۆ ئەم کارمەند و دکتۆرانە ئەنجام بدرێت کە لە پای ماندوبوونیان توانیویانە خزمەتێکی بەرچاوی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی بکەن".



گوتیشی: "خۆشحاڵین بەوەی کە خەریکە لەم قەیرانە رزگارمان دەبێت. وەک وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەداین کە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق بگەینە چارەسەرێک بۆ بابەتی دەرمان و پێداویستی پزیشکی. کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ نوێنەری زیاتر لە ٣٠ ووڵات کرد کە نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوەیەکگرتوەکان تیایدا ئامادەبوون بۆ بابەتی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە ئەوانیش پاڵپشتیان کردین لە دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی".



وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند "ماوەی سێ ساڵە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار ئاوارە داڵدەدەین، ئەوەندەی ئەو ئاوارانە نەخۆشخانە و دامەزراوەی تەندروستی ھەرێم بەکاردەھێنن، نەخۆشەکانی خۆمان نەخۆشخانەکان بەکار ناھێنن، ئەو ئاوارانە ١٧% لە کەمپدان ٨٣% ئاوارەکان لە شارەکاندا نیشتەجێن سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیان بۆ دابین کراوە، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانیش دەبێت پارەبدەن بۆ چارەسەرکردن بەڵام ئاوارەکان ھیچ بڕە پاریەکیان لێ وەرناگیرێت".



رێکەوت حەمەڕەشید گوتی: "نەخۆشخانەکانی خۆمان پێویستیان بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی و خزمەتگوزاری ھەیە و ئەگەر بەغدا بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان ببڕێت ئەوا گرفتی ترمان بۆ دروست دەبێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی دارایی بڕی ئەو بوودجەیەی کە بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشگی دابینکردووە زیاد بکات".



ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی لە مەراسیمێکدا خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ٣٠ پزیشک و فریاگوزاری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی.

payamner -
Top