بوخاری عەبدوڵڵا: "بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان پێچەوانەی ھیچ یاسایەکی عێراق نییە"

بوخاری عەبدوڵڵا:
چاودێری سیاسی و شارەزای یاسایی (د. بوخار عەبدوڵڵا) دەڵێت، لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک لەجێی خۆیدا بووە و پێچەوانەی ھیچ یاسایەکی عێراقی نییە. دەشڵێت، زۆربەی ھەرەزۆری خەڵکی ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ لەگەڵ ئەوەدان، کە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.

(د.بوخاری عەبدوڵڵا)، چاودێری سیاسی و شارەزای یاسایی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی لەجێی خۆیدایە و لەڕووی دەستووری و یاسایییەوە ھەنگاوێکی دروستە، چونکە بەپێی یاسای پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٩دا، پەرلەمان بڕیاری بەفەرمیکردنی ئاڵای کوردستانی داوە و، بەگوێرەی ماددەی ١٤١ی دەستووری عێراقیش مافی ئەوە بە ھەرێمی کوردستان دراوە، ئاڵای خۆی ھەبێت و ھیچ کێشەیەکی دەستووریی نییە، واتە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ھەرێمی کوردستان و کەرکووکیش بە سیستەم کراوە و ھیچ کێشەیەکی یاسایی و دەستووریی نییە، تەنانەت بڕیارەکە دژ بە ھیچ پێکھاتەیەک و پێچەوانەی ھیچ یاسایەکی عێراق نییە.''

ئەو شارەزایەی یاسا دەڵێت: ''ئەگەر بێت و کێشەکە ببرێتە دادگای فیدڕاڵ و خەڵکێک ھەبێت تانە لە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بدات، ئەوە ھەرزۆریش باشترە، چونکە ئەوکات دادگا یەکلای دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی بابەتی ئاڵا گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی ھەرەزۆری کەرکووک دەکات. لە دادگاش ئەگەر بڕیارێکی دروست بدرێت، ئەوکات فەرمیتر دەبێت، بۆ ئەوەی ئەو کەس و لایەنانەی دژی بڕیارەکەن، باوەڕیان بۆ دروست بێت، کە بڕیارێکی یاساییە.''

دەربارەی گەڕانەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانیش (د. بوخاری عەبدوڵڵا) گوتی: ''چەندین جار سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دووپاتی کردووەتەوە، دەبێ خەڵکی ئەو ناوچانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ھەربڕیارێکیش بدەن، ڕێزی لێ دەگرین، چونکە دەبێت خۆیان بڕیار بدەن و ئیرادە و بڕیاری خەڵکی ناوچەکانی کەرکووک و ھەموو ئەو ناوچانەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەیانگرێتەوە، دەبێتە سەنگی مەحەک. ھیچ کاتیش ھەرێمی کوردستان گوشاری نەخستووەتە سەر کەرکووکییەکان، کە چ بڕیارێک بدەن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە زۆربەی ھەرەزۆری خەڵکی ئەو ناوچانە لەگەڵ ئەوەدان بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانیش، یەکێکە لەو ھەنگاوانە.''
kdp-
Top