پێكهاتە جیاوازەكانی كەركووك پشتیوانی لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دەكەن
(عومەر مەحموود)، مامۆستای عەرەب لە شاری كركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمەی هاووڵاتییانی عەرەب لە شاری كەركووك لەسەردەستی دەسەڵاتدارانی عێراقی زۆرمان زیان بەركەوتووە و زۆرمان ناخۆشی بینیوە، بەم دواییانەش داعش هات و زیانێكی زۆری لێ داین، هێزە عێراقییەكانیش تەنیا بە ڕاكردن ڕاگەیشتن و شارەكەیان بەجێ هێشت، ئەوە برایانی پێشمەرگە بوون، کە بەبێ جیاوازی ئەم شارەیان پاراست و ڕێیان نەدا تیرۆر داگیری بكات. ئێستاش هێزە عێراقییەكان زیاتر لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمییەوە بەرێوە دەبرێن و شەڕی مەزهەبی دەكەن. بۆیە ئێمەی عەرەبیش لەگەڵ ئەوەداین، كەركووك لەژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدا بێت. كەوایە دەبێ بە ئاڵای پێشمەرگەش ڕازی بین، كە لە شارەكەدا بە شێوەیەكی فەرمی هەڵبكرێت.''
ئەو مامۆستا عەرەبەی كەركووك ڕوونی كردەوە: ''كوردەكانی شاری كەركووك بە درێژایی میژوو ڕووبەڕووی كوشتار و دەربەدەرییەكی زۆر بوون، (مالیكی)ش هەر كاری بۆ تەعریبكردن و داگیركردنی كەركووك دەكرد، كە زیانی زۆر گەورەشی لە نەتەوەكانی دیکەی ئەم شارە دا.''
مامۆستا عەرەبەکە گوتیشی: ''پیرۆزبایی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە برا كوردەكان و سەرجەم پێكهاتەكانی تر دەكەین، لامان وایە ئیدی زیاتر لە ئارامی و ئاسایشدا دەژین.''
(تەحسین محەمەد)، هاووڵاتیی توركمان لە شاری كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە فەرمی مافی كوردەكانە، ئێمەش پیرۆزباییان لێ دەكەین. ئەو كەس و لایەنانەی دژیشی وەستاون، بەرژەوەندییە كەسییەكانیان زیانی وێ كەوتووە، بۆیە دژی وەستاون. كەركووك بە درێژایی میژوو شاری پێكەوەژیانی نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان بووە. هەمیشە دوژمنان ویستوویانە ئەم جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینیانە بكەنە هەوێنی تێكدانی نێوان لایەنەكان.''
ئەو هاووڵاتییە توركمانەی شاری كەركووك جەختیشی كردەوە: ''ئەوە دوو ساڵە لە ئارامیدا دەژین، خۆ لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ئەم شارە هەمیشە خەڵتانی خوێن بوو، هیچ خزمەتێكی نەدەكرا. لە سەردەمی هیزە عێراقیەكانی (مالیكی)یشدا لەبەر نەبوونی ئاسایش و دەستی تیرۆر و تەقینەوە، كەركووكییەكان هەراسان بووبوون و ژیانیان ئەستەم بووبوو. بەڵام لەو دەمەوە کە سوپای عێراق لە كەركووك كشاوەتەوە و هیزی پێشمەرگە لە كەركووكە، ئەمن و ئاسایشێكی تەواومان هەیە. خۆزگە دەخوازین بازگەكانی بانی مەقان و پردێش بێتە ئەودیوی كەركووك بۆ ئەوەی شار تەواو جێگیر و ئەمان بێت.''
(لویس یوحەننا)، كەسایەتیی ئایینیی مەسیحی لە شاری كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''كەركووك شارێكی فرەنەتەوە و فرەپێكهاتەیە، بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەیەوە چەندین نەتەوەی جیاواز و ئایینی جیاوازی تێدا دەژی. بە درێژایی مێژوو دوژمنانی شارەكە هەوڵیان داوە دژایەتی و یەكترنەپەژراندن لە شارەكەدا دروست بكەن و ئاشوب بخەنە نێو پێكهاتەكانەوە. بەڵام هەمیشە هاووڵاتییانی كەركووك زۆر لەوە هۆشیارتر بوونە و تا ئێستا كەركووك هەر بە بنچینەی پێكەوەژیان سەیر دەكرێت.''
ئەو كەسایەتییە ئایینییە مەسیحییەی شاری كەركووك جەختیشی كردەوە: ''كەركووك، شارێكی كوردستانییە و بەهۆی سیاسەتە چەوتەكانی ڕژێمەكانی عێراقەوە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیاكەی دراوە، لەوەتەی لە دووساڵی ڕابردووەوە كەركووك لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دەپارێزرێت، مەسیحییەكان دەتوانن بە ئارامی و ئازادی لەو شارەدا بژین، خۆ پێشتر ڕێژەیەكی زۆری مەسیحییەكان، بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لە سەریان بوو، ڕوویان لە دەرەوەی وڵات كرد. بۆیە ئەگەر ئاڵای كوردستان بە فەرمی لەسەر دامودەزگاكانی شاری كەركووك هەڵدراوە، هەم هەقێكی كوردەكانە و، هەم هیچ زیانێكیشی بۆ پێكهاتەكانی تر نییە و ئێمەی مەسیحی پاڵپشتیی دەكەین.''
kdp-
