توركیا‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك نیگه‌رانه

توركیا‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك نیگه‌رانه
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا دژایه‌تیی خۆی به‌رامبه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌ داموده‌زگا حكومییه‌كانی پارێزگاكه ده‌رده‌بڕێت ‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "هه‌ڵكردنی ئاڵای ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ ئاڵای عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك‌ جێگه‌ی قبووڵكردن نییه‌ و نیگه‌رانین".

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو له‌سه‌ر داوای نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌ داموده‌زگا حكومییه‌كانی پارێزگاكه‌ په‌سندكرد و له‌گه‌ڵ ئاڵای عێراق له‌ ته‌واوی فه‌رمانگه‌ فه‌رمییه‌كانی پارێزگاكه‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌ندامانی توركمان و عه‌ره‌ب له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بایكۆت كرد و له‌ يه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شدا، سه‌باره‌ت به‌ بڕيارى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ شارى كه‌ركووك، گوته‌بێژى حكومه‌تى عێراق سه‌عد حه‌ديسى براگه‌ياند: "بڕيارى تاكڕه‌وانه‌ له‌ كه‌ركووك زيانى ده‌بێت و هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ شارى كه‌ركوك دژى ده‌ستوورى فیدراڵی عێراقه و بڕيارى هه‌ڵكردنیشی له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكدا نييه‌".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌ ئاماژه‌پێدان به‌ بایكۆتكردنی لایه‌نی عه‌ره‌بی و توركمانی ده‌ڵێت "مامه‌ڵه‌ی یه‌كلایه‌نه‌ پێشێلكردنی ده‌ستووری عیراقه‌ و زیانی بۆ ئاشته‌وایی، دیالۆگ و ره‌وشی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان هه‌یه‌".

سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌ت رێبوار تاڵه‌بانی، هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ حكومييه‌كانى كه‌ركووك به‌ پرسێكى ده‌ستووری ده‌زانێت و پێداگری له‌سه‌ر‌ ئه‌وه‌ كرد، كورد مافى خۆيه‌تى ئاڵاى خۆى له‌ شارى كه‌ركووك هه‌ڵبكات.

دوو ئه‌ندامی فراكسیۆن یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان سالار مەحموود و گۆران ئازاد له‌ نووسێنێكی هاوبه‌شدا داوا ده‌كه‌ن بۆ پشتیوانی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و کردنەوەی گرێ کوێرەی کێشە یاسایی و سیاسیەکانی تری هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كه‌ركوك سازبكرێت. بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یان‌ به‌ به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەهەڵەبجە کرد.
k24 -
Top