كاكەمین نەجاڕ: پرسی ڕیفراندۆم بنەمایە و دەستبەرداری نابین و ئامادەكاریش بۆ دروستكردنی وەفدێك بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكرێت"
كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "چاوەڕوان ناكرێت بەغدا بەو شێوەیەی ئێمە دەمانەوێت پێشوازی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بكات، بەڵام پێویستە ئێمە خۆمان ماندوو بكەین و گفتویان لەگەڵ بكەین، ئەگەریش ڕازی نەبن بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەبێت هەر ڕیفراندۆم ئەنجام بدەین، چونكە بەتەمای ڕازیبوونی ئەوان بین، ڕازی نابن".
گوتیشی: "ڕیفراندۆم بنەمایە و وازی لێ ناهێنین، چونكە بابەتێكی جدییە و ئەمڕۆ بێت، یان سبەی دەبێت ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە بەرنامەمان بۆ داناوە و ئیشی لەسەر دەكەین، دەبێت ڕاپرسیش لەگەڵ هاووڵاتیانی كوردستان بكەین بۆ جیابوونەوە لە عێراق یان مانەوە لەگەڵیاندا".
ئەوەشی خستەڕوو، ڕیفراندۆم مافێكی ڕەوای خۆمانە و پێویستە شاندێكی هاوبەشی حكوومی و حزبی لە هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی سەردانی بەغدا بكەن بۆ گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵام پێكهێنانی وەفدیش لەسەر كۆبوونەوەی نێوان لایەنە كوردییەكان ماوەتەوە، تا زووتر بێنە سەر هێڵ باشترە".
گوتیشی: "پێویستە لە هەموو حاڵەتێكدا پەیوەندییەكی بەهێز و باشمان لەگەڵ بەغدا هەبێت، چونكە بەبێ بەغدا هیچ شێت ناكرێت، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پێویستمان بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا هەیە، گوتیشی "نازانم، پێم وا نییە كە بەغدا بەو شێوەیە تەحەمولی داواكەی ئێمە بكات".
باسنیوز
