سۆران عومەر لە ڕفاندنی مامۆستایەکی ئایینی لەلایەن لاهور تاڵەبانی بێدەنگە
مەلا سدیق عومەر کە شەوی 19/3/2017 لەلایەن هێزێکی چەکداریی سەر بە لاهور تاڵەبانییەوە ڕفێندرا، لە کاتێکدا لەلایەن دادگای هەولێرەوە بە تۆمەتی تەقینەوەکەی ڕۆژی 17/4/2015ی بەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر داواکراو بووە، بەڵام ڕادەستی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی نەکردووە. لەمبارەیەشەوە سۆران عومەر، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان کە پێشتر لەسەر هەر ڕووداوێکی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هاتووەتە دەنگ، بەڵام لەم ڕووداوەدا بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کردووە کە بەهۆی بوونی پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان لاهور تاڵەبانی و سۆران عومەر، ئەو بێدەنگییەی هەڵبژاردووە.
لەمبارەیەوە سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی، ڕاگەیاند: "من تێناگەم سۆران عومەر کاری چییە؟ گوایە کراوەتە سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ، بەڵام ناکرێت مامۆستایەکی ئایینی لە حاجیاوا دیار نەمێنێت، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ خۆی لێ بێ دەنگ بکات، ئەمە شتێکی تێدایە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە سۆران عومەر لە سنووری ژێر ”دەسەڵاتی خۆیان“ یا ”لەو سنوورەی بە دڵی نەبێت“، بەیاننامە لە دوای بەیاننامە بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ”چونکە ئەم مامۆستایە لە سنووری ئەودا دیار نەماوە، نابینرێت بەیاننامەی هەبێت، قسەی هەبێت، ئەوەش تەواو دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە میزاجی سیاسی لە دامەزراوە شەرعی و یاساییەکان لەناویاندا لێژنەی مافی مرۆڤ، بەکار دەهێندرێت".
سێوکانی دووپاتی کردەوە: ”لە سنووری هەوڵێر مندالێک دیار نەمێنێت، هەزار و یەک دۆسیەی بۆ دەکرێتەوە، گوایە ئەم ڕفاندنەدەستی ئەم حزب و ئەو حزبی تێدایە، کەچی لە سنووری خۆیان لەسەر ئەو دۆسیانە بێ دەنگن“.
باسنیوز
