کەسێکی نزیکی جەمیل بایک و 11 پلەداری پەکەکە خۆیان ڕادەستی هەرێمی کوردستان کرد
بەپێی زانیارییەکان ، دوێنێ سێشەممە 28/3/2017، لە سنوور شاری ئامێدیی سەر بە پارێزگای دهۆک، 11 چەکداری پلەداری پەکەکە کە کەسێکی نزیک جەمیل بایک، سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی پەکەکەیان لەنێو دایە، خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئەو سنوورە کردووە. سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو چەکدارانەی پەکەکە سەرجەمیان لە خاڵێکی سەربازیی پەکەکەدا بوون و بە تەواوەتی خاڵە سەربازییەکەیان چۆڵ کردووە و خۆیان ڕاەستی هێزە ئەمنییەکانی ئامێدی کردووە.
هەر لەمبارەیەوە نازم هەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێیی لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: “ڕۆژانە لە سنووری پارێزگای دهۆک، چەکداری پەکەکە دێنەوە ناو هەرێمی کوردستان و خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان دەکەن، پەکەکە تائێستا لەسەر سیاسەتی هەڵە دەڕوات و بووەتە هۆکاری ئەوەی باکووری کوردستان تووشی وێرانکاری ببێتەوە”. روونیشی کردەوە کە سیاسەتەکانی پەکەکە هۆکار بوون بۆ ئەوەی چەکدارانی پەکەکە واز لەو حزبە بهێنن. گوتیشی: “ئەوان ئەجێندای دەرەوەی کوردستان جێبەجێ دەکەن، ئەمەش وای کردووە کە خەڵک لە گەڵیان نەمێنێتەوە. ڕۆژانە خەڵکی پەکەکە پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانی کوردستانەوە دەکەن و واز لە پەکەکە دەهێنن و ئەوان بوونەتە یەکێک لە مەکینە گەورەکانی دژی سەربەخۆیی کوردستان، ئەمەش هەستی کادیرانی پەکەکەی جوڵاندووە بۆ بەجێهێشتنیان”.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە بەڵگە هەیە، پەکەکە بووەتە هۆکاری کوشتنی گەنجان و چەندین دۆسییەیان لەبەردەستە کە دەیسەلمێنن، “پەکەکە خەڵکی تیرۆر کردووە، خەڵکی سڤیل ویستوویانە بچنە ناو سنووری خۆیان لە ڕێگای پەکەکەوە کوژراون".
پێشتر سەدان چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنووری شنگال، خۆیان ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردبوو و لەلایەن پێشمەرگەشەوە کاروبارەکانیان ڕایی کرا.
باسنیوز
