عەلوەی هەولێر کرایەوە
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتار و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پارێزگاری هەولێر و سهرۆكى زانکۆی سەلاحەددین ، قۆناغی یەکەمی عەلوەی هەولێر کرایەوە.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر پەیڤێکی پێشکەش کرد کە تیایدا ئاماژەی بە پەرەپێدانی کەرتی تایبەت کرد و گوتی : " کردنەوەی عەلوەی هەولێر جێگای دەستخۆشییە و پەرەپێدانە بە کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار، لە کاتێکا ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەو ناوچەیەمان دەستنیشان کرد بۆ کەلوپەل و خۆراک و سەوزە و میوە هەروەک لە ماستەر پلاندا هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین ئەو ناوچەیە هێزێکی ئابووری بە پایتەخت بەخشیووە و بە دڵنیاییەوە ئامانجی ئێمە ئەوە بووە کە هەولێر ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی و ئابووری کە تێیدا هەلی کار بڕەخسێنێت و لە هەمانکاتدا ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی بۆ هەموو عێراق".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، گوتی : "ئێمە لەسەرەتادا پاڵپشتی ئەو پڕۆژەیە بووین و لە داهاتووشدا هەر پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بەو سەنتەرە بدەین، چونکە ئەو سەنتەرە گرنگە بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێش، لە هەمانکاتدا ئەم سەنتەرە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ئەوەیە کە ساردخانەی لێیە و ئەمەش موژدەیەکی خۆشە بۆ جووتیاران كه لەمەودوا دەتوانن بەرهەمەکانییان لەو ساردخانەیە هەڵگرن و تووشی زیان نەبن و هەرزان فرۆشی نەکەن".
گوتیشی: "ئەم سەنتەرە دەبێتە ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراک و سەوزەو میوە و بەیەکەوەبەستنی ئەوە ناوچەیە لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە مانگی داهاتوودا باج و رسومات دەخرێتە سەر بەرهەمە بیانییەکان، لە درێژەی قسەکانیدا عەبدولستار مەجید، گوتی : " ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان ئەرکێکە و دەکەوێتە سەرشانی ئێمە، بۆیه لە ١٥ـی نیسانى 2017 ـهوه باج و رسومات دەخەیەنە سەر هەموو ئەو بەرهەمانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن لەو کاتەی بەرهەمی خۆماڵی پێگەیشتووە".
عەلوەی هەولێر لە پێنج هۆڵی گەورە پێکدێت کە تایبەتە بە فرۆشتنی سەوزە و میوە و ١٨٨ دوکانی تێدا درووستکراوە، لەبەرامبەر هۆڵەکانیش ٤٠٠ دوکان دروستکراوە بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی خۆراک، هاوکات هۆڵەکانیش بە چەند ئەمبارێکی ساردکەرەوە دەوردراون کە توانای هەڵگرتنی ٢٧ هەزار تۆن سەوزە و میوەیان هەیە.
ئەم پڕۆژەیە بە سێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت و قۆناغی یەکەم نزیکەی ٤٥ ملیۆن دۆلاری تێچووە و بەپێی پلانی پڕۆژەکەش بەشی دووەمی پڕۆژەکە لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٨ تەواو دەبێت.
پڕۆژەی عەلوەی نوێی ھەولێر دەکەوێتە سەر رێگای ھەولێر – گوێڕ و لەسەر رووبەڕی ٢٠٠ دۆنم زەوی درووستکراوە و بە گەورەترین بازاڕ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت
payamner-
