فراكسیۆنی پارتی لەبارەی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

فراكسیۆنی پارتی لەبارەی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە
لەبارەی پەسندكردنی بڕیاری ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگا حكوومییەكانی كەركووك، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا و خەڵكی كەركووك دەردەبڕن.

لە راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی پارتی ھاتووە: " ئەمڕۆ لە مێژووی کوردستاندا، رۆژێکی گرنگە، چونکە دوای ئەو ھەموو خەبات و قوربانییدانە، دوای بڕینی ئەو ھەموو قۆناغە جیاوازانەی کە گەلەکەمان لە مێژووی خۆییدا بڕیونی، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە، بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەی دامودەزگا فەرمییەکانی ئەو پارێزگەیە درا، کە ئەمەیش بۆ گەلەکەمان و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە دابرێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، رووداوێکی گرنگ و مێژووییە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە: "کەرکووک نە لە رابردوودا و نە لە ئێستادا و نە لە داھاتووشدا، بۆ یەک لەحزە لە کوردستان جیانەبووەتەوە و جیایش نابێتەوە، بۆیە پاڵپشتی تەواوی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگا و کەرکووکییەکان دەکەین، پێمانوایە ئەو بڕیارە، بڕیاری شەھیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و قوربانییەکانمان و تەواوی خەڵکی کوردستانیشە".



دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

ڕاگەیاندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوستان سەبارەت بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگەی کەرکووک:

دوای خەباتێکی درێژخایەنی گەلەکەمان، لە پێناو ئازادی و بە دەستھێنانی مافە زەوتکراوەکانی، ئێستا کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک، کە کاریگەری بەسەر بریارە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھانەوە ھەیە، ئەمەیش ئەنجامی ئەو خەباتە دوور و درێژەیە، کە لە پێناو دۆزە ڕەواکەیدا کردوویەتی و بۆ یەکجاریش لە بەھا مرۆڤایەتییەکان لای نەداوە.

ئەمڕۆ لە مێژووی کوردستاندا، ڕۆژێکی گرنگە، چونکە دوای ئەو ھەموو خەبات و قوربانییدانە، دوای بڕینی ئەو ھەموو قۆناغە جیاوازانەی کە گەلەکەمان لە مێژووی خۆییدا بڕیونی، ئەمڕۆ بۆ یەکەمیجار بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووکەوە، بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەی دامودەزگە فەرمییەکانی ئەو پارێزگەیە درا، کە ئەمەیش بۆ گەلەکەمان و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە دابرێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ڕووداوێکی گرنگ و مێژووییە.

بەم بۆنەیەوە، دەستخۆشی لە جەنابی پارێزگاری کەرکووک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و تەواوی ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە بەو بابەتە چارەنووسسازەوە ماندوو بوون، ھەروەھا پیرۆزبایی لە خۆمان و تەواوی خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەھیدان و کەرکووکییەکان دەکەین و پێمانوایە کەرکووک نە لە ڕابردوودا و نە لە ئێستادا و نە لە داھاتوویشدا، بۆ یەک لەحزە لە کوردستان جیانەبووەتەوە و جیایش نابێتەوە، بۆیە پاڵپشتی تەواوی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگە و کەرکووکییەکان دەکەین، پێمانوایە ئەو بریارە، بریاری شەھیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و قوربانییەکانمان و تەواوی خەڵکی کوردستانیش.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
k24-
Top