عەبدولقادر بازرگان: هیوادارین هەڵکردنی ئاڵای کوردستان گەڕانەوەی کەرکووکی بۆ سەر هەرێم بەدوادا بێت
(عەبدولقادر بازرگان)، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ھی ھەموو پێکھاتەکانە و تەنیا ھی کورد نییە، لەبەر ئەوەی کاتێک داعش ھێرشی کردە سەر کەرکووک، پێشمەرگە بەبێ جیاوازی ھەموو پێکھاتەکانی پاراست، بۆیە ئێمە ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان نییە و پێداگیریش دەکەین، کە لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان، ئاڵای کوردستان ھەڵبکرێت.''
(عەبدولقادر بازرگان) گوتی: ''ئاڵای کوردستان لە دەستووری عێراقدا ددانی پێدا نراوە و، لە کەرکووکیش، کە دەکەوێتە ناوچەی ماددەی١٤٠وە و ئێستا ئەو ماددەیە بەسەر چووە، ھەرێم مافی خۆیەتی ئاڵای خۆی ھەڵبکات.''
سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان دەڵێت: ''ھەموو تورکمانەکان لە ھەرێمی کوردستان یان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم لەگەڵ ئەوەدان، کە ئاڵای کوردستان ھەڵبکرێت، جگە لە بەرەی تورکمانی، کە ئەوان بەو بڕیارە ڕازی نین، بۆ ئەمەش ئەنجوومەنی کەرکووک ھەیە و مافی خۆیەتی بە زۆرینەی دەنگ ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک پەسەند بکات.''
(بازرگان) گوتیشی: ''ھیوادارین ئەمە ھەنگاوێک بێت بۆ ئەوەی کەرکووک بەتەواوەتی بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''
kdp-
