"پەکەکە لە سنووری ئامێدی سێ تونێلی لێداوە؛ دەستی بەسەر ٣٠٠ گونددا گرتووە"
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، (فەھیم عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەکەکە لە سنووری ئامێدی دەستی کردووە بە لێدانی تونێل و تا ئێستا سێ تونێلیان لێداوە و وێنەشیان گیراوە، کە دیارە ئەو کارەشیان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی خراپە، لەبەرئەوەی ئەوانە ھیچ کارێکی باشیان لێ چاوەڕوان ناکرێت، چونکە ئەو کارەیان بۆ ئەوەیە تەقینەوە و کردەوەی خراپی پێ ئەنجام بدەن، دەنا تونێللێدان لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان چ مانایەکی ھەیە.''
(فەھیم عەبدوڵڵا) گوتی: ''خەڵکانێک پێیان خۆشە پەکەکە ئەو جۆرە کردەوە خراپانە دەکەن و پێیان وایە دژی پارتی ئەنجامی دەدەن، بەڵام ڕۆژێک دێت، ئەو ئاگرە لە ئەوانیش بەردەبێت و ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و ئەوانەی دیکەش دەگرێتەوە.''
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک ڕوونی کردەوە: ''پەکەکە ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی داگیر کردووە، کە لە گوندەکانی سندی و گولی تا دەگاتە نێرە و ڕێکان دەست پێ دەکات و بەری گارە و دۆڵی نەھلە، کە ئەگەر سەرژمێرییەک بکرێت، ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٣٠٠ گوند و ڕێش نادەن، خەڵک ئاوەدانیان بکاتەوە و داگیریان کردوون.''
(فەھیم عەبدوڵڵا) گوتیشی: ''ئێمە بۆ ڕێگریکردن لە پەکەکە زۆرمان ھەوڵ داوە، بەڵام ئەوکارە لە توانای ئێمە زیاترە و پێویستە لەسەر ئاستی باڵا بکرێت.''
kdp-
