"سبەینێ دهۆک دیاری دەبەخشێتە کەرکووک"

به‌رپرسى گشتیی ده‌زگاى پاراستنى ئاڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، گردبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ شارى دهۆك بۆ پشتیوانى له‌ هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ شارى كه‌ركووك ئه‌نجام درا و سبه‌ى، چوارشه‌ممه‌ش، به‌ ئاڵایه‌كى گه‌وره‌وە به‌ره‌و شارى كه‌ركووك به‌رێ ده‌كه‌ون.

(پاڵه‌وان شێخ مه‌مى)، بەرپرسی گشتیی ده‌زگاى پاراستنى ئاڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان بە‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموكراتى كوردستانى گوت: ''ئه‌مڕۆ دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بڕیارى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستانى له ‌شارى كه‌ركووك دا، ئێمه‌ش وه‌ك ده‌زگاى پاراستنى ئاڵاى كوردستان، له ‌شارى دهۆك گردبوونه‌وه‌یه‌كمان بۆ پشتیوانى له‌و بڕیاره‌ى خه‌ڵكى كه‌ركووكى خۆشه‌ویست ئه‌نجام دا.''

به‌رپرسى گشتیى ده‌زگاى پاراستنى ئاڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان گوتی: ''ئێستا خه‌ریكى دروستكردنى گه‌وره‌ترین ئاڵاى كوردستانین و، سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ به‌ره‌و شارى كه‌ركووك به‌رێ ده‌كه‌وین و ئه‌و ئاڵا گه‌وره‌یه‌‌، كه‌ 30 مەتر درێژییه‌كه‌یه‌تى و چه‌ندین ئاڵاى دیکەی كوردستانیش، كه‌ پێك دێن له‌ (10 بۆ 15 مەتر) وه‌كو دیاریی خه‌ڵكى شارى دهۆك و پایته‌ختى شه‌هیدان ده‌بەخشین به‌ ئیداره‌ و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانى شارى كه‌ركووك.''

به‌یانیی ئەمڕۆ، سێشەممە (28-3-2017) ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لەسەر فەرمانگە حکوومییەکانی سنووری پاریزگاکە پەسەند کرد.
kdp-
Top