سه‌رۆكى هۆزى جبوور له‌ كه‌ركووك: له‌ گه‌ڵ هه‌ڵكردنى ئاڵای كوردستانین

 سه‌رۆكى هۆزى جبوور له‌ كه‌ركووك: له‌ گه‌ڵ هه‌ڵكردنى ئاڵای كوردستانین
سه‌رۆكى هۆزى جبوور له‌ كه‌ركووك، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ئه‌وان وه‌ك هۆزه‌كه‌یان و هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانى دیكه‌ى كه‌ركووك، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ن له‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ى فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كانى كه‌ركووك، ئاڵاى كوردستان هه‌ڵبكرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/3/2017، كه‌ هاوكاته‌ له‌ گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنى پرۆژه‌ یاسایی ئاڵای كوردستان له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكه‌وه‌، شێخ مه‌سرور ناجی، سه‌رۆكى هۆزى جبوور له‌ كه‌ركووك، ڕاىگه‌یاند :" ئێمه‌ وه‌كو هۆزى جبوور له‌ كه‌ركووك، له‌ گه‌ڵ هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانى دیكه‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌داین، له‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ى فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كانى كه‌ركووك ئاڵاى كوردستان هه‌ڵبكرێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ ته‌نانه‌ت " ئه‌مڕۆ چه‌ندین كه‌سایه‌تى عه‌ره‌بی كه‌ركووك، له‌ رێوڕه‌سمى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان، له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ئاماده‌بوون".

سه‌رۆكى هۆزى جبوور له‌ كه‌ركووك، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، ته‌نها ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى عه‌ره‌بی خه‌ڵكى كه‌ركووك نه‌بێت، كه‌ پێیان قه‌بووڵ ناكرێت ئاڵاى كوردستان له‌ كه‌ركووك هه‌ڵبكرێت، ئه‌ویش له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان، گوتیشی :" ئه‌گرنا عه‌ره‌به‌كانى كه‌ركووك، پێیان ئاسایی و یاساییه‌ كه‌ ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك، هه‌ڵبكرێت ".






باسنیوز
Top