بەهرۆز گەڵاڵی لەژێر فشاری پاڤێڵ تاڵەبانی واز لە سکاڵاکەی دژی مەلا بەختیار دەهێنێت

 بەهرۆز گەڵاڵی لەژێر فشاری پاڤێڵ تاڵەبانی واز لە سکاڵاکەی دژی مەلا بەختیار دەهێنێت
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، نوێنەری ئەو حزبە لە ئەنقەرە، لەژێر فشاری پاڤێڵ تاڵەبانی، واز لەو سکاڵایە دەهێنێت کە بڕیاری دابوو لە دژی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی حزبەکەی تۆماری بکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی نێو مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە دەستکەوتووە، پاش ئەوەی بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی لە تورکیا بڕیاری دا سکاڵای یاسایی لەدژی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی تۆمار بکات، بەو تۆمەتەی کە لە ڕێگەی چەند نووسینێکەوە ”ناوی زڕاندووە“، ئێستا گەڵاڵی بڕیارەکەی خۆی گۆڕیوە.

وازهێنانی بەهرۆز گەڵاڵی لە تۆمارکردنی سکاڵاکەی، لەژێر فشاری پاڤێڵ تاڵەبانی، کوڕی مام جەلال و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە، چونکە: ”ئێستا پاڤێڵ تاڵەبانی دەسەڵاتی لەنێو یەکێتیدا زۆرە و نایەوێت کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی لە دەرەوە زەقتر ببنەوە“.

پێشتر بەهرۆز گەڵاڵی، لە وتارێکیدا ڕەخنەی ئاراستەی مەلا بەختیار کردبوو، بەهۆی ئەوەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەند قسەیەکی کردبوو. لە بەرامبەریشدا لە ماڵپەڕی (چاودێر)ی نزیک لە مەلا بەختیار، زنجیرە وتارێک دژی بەهرۆز گەڵاڵی بڵاو کرانەوە و تێیدا بە ”فایلدار“ تۆمەتباریان کرد، بۆیە بەهرۆز گەڵاڵی بڕیاری دا سکاڵای یاسایی تۆمار بکات و لە نامەیەکیشدا کە ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە، گەڵاڵی هەڕەشەی ئەوەی کرد کە بە شێوەیەکی توند لەسەر مەلا بەختیار دەنووسێت.






باسنیوز
Top