بارزانی: دوای ئازادبوونی شنگال ئامانجی سەرەکیمان ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیە

 بارزانی: دوای ئازادبوونی شنگال ئامانجی سەرەکیمان ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیە
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵەی یەکبوونی کوردی لە شاری سان پێترزبۆرگی ڕووسیا کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨/٣/٢٠١٧ لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵەی یەکبوونی کوردی لە شاری سان پێترزبۆرگی ڕووسیا کرد و لە دیدارەکەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ بارزانی و سەردانیان بۆ کوردستان نیشان دا،و ڕۆشناییان خستەسەر کار و چالاکی و ئامانجی کۆمەڵەکەیان، باسیشیان لە بارودۆخی کورد لە ڕووسیا و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو کرد.

ھەر لەو دیدارەدا شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و کاریگەریی خەبات و کەسایەتیی بارزانیی نەمر، لەسەر کوردانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو، جەختیان لەوە کردەوە کە گەلی کورد لە ڕووسیا و سەرانسەری جیھان ئومێدیان بە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی بارزانی ھەیە، بۆ ئەوەی گەلی کورد بتوانێ لە سەرزەمینی خۆی سەربەخۆ بێت و خاوەنی بڕیاری خۆی بێت.

شاندێکی کۆمەڵەی یەکبوونی کوردی لە شاری سان پێترزبۆرگی ڕووسیا، ئەوەیشیان دووپات کردەوە کە وەک پێشمەرگە ئامادەن لە ھەر شوێنێک بن خزمەتی کوردستان و ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان بکەن.

لە بەرانبەردا بارزانی، بە گەرمی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و سوپاسی ھەڵوێستی نیشتیمانیی ئەوانی کرد و دەستخۆشیی لە کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی یەکبوونی کرد.

ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھیوایشی خواست کە پەیوەندی و ھاتوچۆی نێوان ڕۆڵەکانی کورد لە ڕووسیا و کوردستان بەردەوام بێت و پەرە بستێنێت.
ھەر لە درێژەی گوتەکانیدا بارزانی، باسی لە قارەمانیەتی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان کرد لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ھەروەھا ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزییدییەکاندا ھاتووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی تۆڵەی لە تیرۆریستانی داعش کردەوە، شنگال و چیای شنگال و ڕێگەکانی شنگالی ئازاد کرد.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو کە دوای ئازادبوونی شنگال، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵکی شنگال و دەوروبەری بتوانن ژیانی خۆیان دەست پێ بکەن، پشت بە خۆیان ببەستن و بپارێزرێن.







باسنيوز
Top