سەرکردەیەکی یەکێتی: دەوڵەتی کوردستان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دروست دەکرێت

 سەرکردەیەکی یەکێتی: دەوڵەتی کوردستان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دروست دەکرێت
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لەوە دەکات کە پارتی دیموکراتیی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، لەسەر ڕاگەیاندنی ”دەوڵەتۆکەیەکی کوردستان“ لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک گفتوگۆیان کردووە. پارتیش ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی دووشەممە 27/3/2017، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وتارێکی بەناوی (دەوڵەتی کوردستان‌ و پارتی) لە ڕۆژنامەی فەرمیی حزبەکەی بڵاو کردەوە کە تێیدا نووسیویەتی: ”قسە و گومان ھەیە لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ تورکیا قسەیان لەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتۆکەیەکی کوردستان لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک کردبێ. دەوڵەتەکە بەناو کوردی‌ و لە ڕاستیشدا پاشکۆی تورکیا بێ”.

بە گوتەی ئارێز عەبدوڵا: “دەوڵەت مافی خۆمانە، بەڵام ڕێگای ڕاگەیاندنی، ئاو ھێنان نییە لە کانی، بەڵکو لە پێش ڕاگەیاندن زۆر ھەنگاو ھەن دەبێ بنرێن‌“. باسیشی لەوە کردووە کە ”پەیوەندیی باش لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دەوروبەر لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیی ھاوبەش، کارێکی زۆر باشە، بەڵام ئەوەی ڕوونە و ناشاردرێتەوە، ئایدۆلۆجیەتی دەوڵەتی تورک نەک لە باشوور، بەڵکو تانسۆ چیلەر گوتەنی، لەئوسترالیاش دەوڵەتێکی کوردی قبوڵ ناکا”.

لە بەرامبەردا نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کودستان ڕایگەیاند: ”ئەگەر ئارێز عەبدوڵا، پێی وابێت سەربەخۆیی کوردستان لە سنووری ناوچەیەکی دیاری کراو رادەگەیەنرێت، ئەوە لێرەوە پێی دەڵێین، دەوڵەتی کوردستان لە سنووری ھەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک و چەند ناوچەیەکی کوردستانیی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، سنووری ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە کە چوار پارێزگایە (دھۆک و ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە)، شوێنێک لەم شوێنانە جیا ناکرێتەوە لە ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی وابیردەکەنەوە کە ناوچەیەک جیادەکرێتەوە لەو دەوڵەتەی کە دروست دەبێت، خەیاڵیان خاوە، ئەوان بڕیاری لە سێدارەدانی خۆیان دەدەن لەلایەن خەڵکەوە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی یەکگرتووە و سەرۆکەکەی ئیدارەی قەیرانی سیاسی دەکات و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان دەکات بۆ گەیشتن بە لوتکە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان. گوتیشی: ”ئەگەر بیروڕایەک ھەبێت شارێک لە سەربەخۆیی کوردستان جیابکاتەوە، ئەوە پیلانە، تۆ بێیت ناوچەیەک جیا بکەیەوە لە نیشتیمانی دایک، دەبوو ئارێز عەبدوڵا زۆر ئاگادار بوایە لە ھەر دەربڕینێک“.

لەلایەکی دیکەوە، بەهرۆز جەعفەر، توێژەر و چاودێری سیاسی، لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (پێتان بڵێم ئایندە چۆن دەبێت) کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: “لە داهاتوودا دەوڵەتێکی کوردی دروست دەبێت کە سنووری ئەم دەوڵەتە (هەتا بکرێت) بریتی دەبێت لە سنووری ئێستای هەرێمی کوردستان لەگەڵ نزیکەی 55٪ ناوچە دابڕاوەکان لە سنووری پارێزگای کەرکووک و مووسڵ و دیالە”.

بەبڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، یان سلێمانی و گەرمیان دەچنە پاڵ پڕۆژەی بارزانییەوە کە سەربەخۆییە، یانیش دەچنە پاڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. دەشڵێت: “دوا ئەگەر ئەوەیە کە دواجار هەرێمی کوردوستان دابەش ببێت، لە پێنجوێنەوە بۆ سلێمانی و کەرکوک و تا دەگاتە دووز، دەبێتە مەعەسکەر و ناوچەی نائارام، هۆکارێکی دیکەی ئەم نائارامییە لەم ناوچەیە بریتییە لە نەبوونی سەرکردایەتی و دروست نەبوونی بڕیاری سیاسی و کێبڕکێی کوتلەکانە لەناوچەی سولەیمانییەوە”.








باسنیوز
Top