وەزارەتی پێشمەرگە: ماوەیەکە پێشمەرگە سویدییەکە لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندراوە
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دراوە: ”نیگەرانین لە چارەنووسی تۆنی ئێکمان، پێشمەرگەی سویدیی خۆبەخش کە ماوەیەکە لە سنووری شنگال لەلایەن هێزێکی سەر بە پەکەکەوە ڕفێندراوە و تائێستا لەلای ئەو هێزەوە دەستبەسەرە“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە پێشمەرگە سویدییەکە ماوەیەک لە سنووری کەرکووک و دواتریش لە سنووری شنگال، شانیەشانی هێزەکانی پێشمەرگە لە دژی داعش لەسەنگەردا بووە. ئەوەش دووپات کراوەتەوە: ”ئێمە نیگەرانیی خۆمان لە بەرامبەر ئەم کردارە دەردەبڕین و هێزەکانی پەکەکە بە بەرپرسیار دەزانین لە ژیانی ئەم پێشمەرگەیە و هیوادارین لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵ و توانای خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئازادکرانی ئەم پێشمەرگە خۆبەخشە“.
باسنیوز
