فراکسیۆنی پارتی: پشتگیریی تەواوی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین
لە راگەیەندراوێک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە و ”بۆ یەک لەحزە لە کوردستان جیانەبووەتەوە و جیایش نابێتەوە“.
فراکسیۆنی پارتی وێڕای پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی کوردستان و کەرکووکییەکان بە تایبەت و دەستخۆشیی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگار، رایگەیاندووە، ”ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە“ و بڕیارەکە بە بڕیاری ”شەھیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و قوربانییەکانمان و تەواوی خەڵکی کوردستان“ دەزانێت.
رۆژی سێشەممە 28.3.2017، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا بە فەرمیی ئاڵای کوردستان لەسەر هەموو دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگاکە شان بە شانی ئاڵای عێراق بەرز بکرێتەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان:
ڕاگەیاندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوستان سەبارەت بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگەی کەرکووک:
دوای خەباتێکی درێژخایەنی گەلەکەمان، لە پێناو ئازادی و بە دەستھێنانی مافە زەوتکراوەکانی، ئێستا کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک، کە کاریگەری بەسەر بریارە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھانەوە ھەیە، ئەمەیش ئەنجامی ئەو خەباتە دوور و درێژەیە، کە لە پێناو دۆزە ڕەواکەیدا کردوویەتی و بۆ یەکجاریش لە بەھا مرۆڤایەتییەکان لای نەداوە.
ئەمڕۆ لە مێژووی کوردستاندا، ڕۆژێکی گرنگە، چونکە دوای ئەو ھەموو خەبات و قوربانییدانە، دوای بڕینی ئەو ھەموو قۆناغە جیاوازانەی کە گەلەکەمان لە مێژووی خۆییدا بڕیونی، ئەمڕۆ بۆ یەکەمیجار بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووکەوە، بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەی دامودەزگە فەرمییەکانی ئەو پارێزگەیە درا، کە ئەمەیش بۆ گەلەکەمان و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە دابرێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ڕووداوێکی گرنگ و مێژووییە.
بەم بۆنەیەوە، دەستخۆشی لە جەنابی پارێزگاری کەرکووک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و تەواوی ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە بەو بابەتە چارەنووسسازەوە ماندوو بوون، ھەروەھا پیرۆزبایی لە خۆمان و تەواوی خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەھیدان و کەرکووکییەکان دەکەین و پێمانوایە کەرکووک نە لە ڕابردوودا و نە لە ئێستادا و نە لە داھاتوویشدا، بۆ یەک لەحزە لە کوردستان جیانەبووەتەوە و جیایش نابێتەوە، بۆیە پاڵپشتی تەواوی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگە و کەرکووکییەکان دەکەین، پێمانوایە ئەو بریارە، بریاری شەھیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و قوربانییەکانمان و تەواوی خەڵکی کوردستانیش.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
٢٨/٣/٢٠١٧
باسنیوز
