دكتۆر عەرەفات ستونی: پەكەكە ھەمیشە ھەوڵ دەدات، دووبەرەکی دروست بکات و خەڵكی كوردستانیش زەرەرمەندی یەکەمی دەستی پەکەکەن

دكتۆر عەرەفات ستونی: پەكەكە ھەمیشە ھەوڵ دەدات، دووبەرەکی دروست بکات و خەڵكی كوردستانیش زەرەرمەندی یەکەمی دەستی پەکەکەن
ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، ئێوارەی رۆژی ٢٠/٣دا، ھاووڵاتییانی ئاسایی و لایەنگر و ھەوادارانی و سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی خورماتوو، لە بناری چیای ھەنجیرە لە خورماتوو، بە کردنەوەی ئاگرێکی گەورە و ئاھەنگێک جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییان پیرۆز کرد، بەڵام پەکەکە لە خورماتوو، ئاگاداری لایەنگرانی کردبوو کە بەشداری ئەو ئاھەنگە نەبن و تەنیا بەشداری لە ئاھەنگەکەی خۆیاندا بکەن کە لە ٢٣/٣دا ئەنجامیان دا.



سەرچاوەیەکی ئاگادار لە خورماتووڕای گەیاند: "پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە خورماتوو بەردەوام ھەوڵ دەدات ھەژموونی خۆی زاڵ بکات و بۆ نەورۆزی ئەمساڵیش داوای لە لایەنگرانیان کردبوو بەشداریی ئاگر و ئاھەنگی نەورۆز نەکەن لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، لەبەر ئەوەی خۆیان ئاھەنگی تایبەت ساز دەدەن، ئەمەش ھەوڵدانە بۆ پەرتەوازەیی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان. لە ٢٣/٣دا پەکەکە لە گۆڕەپانی یانەی ھاوکاری، بە بەشداریی ژمارەیەک لە گەریلاکانیان کە بە جلی گەریلاییەوە ھاتبوون و تیپی مۆسیقا و ژمارەیەک لە ھاووڵاتییان ئاھەنگیان ساز دا و لە ئاھەنگەکەشدا گوتاری تەڤگەری ئازادی، سەر بە پەکەکە خوێنرایەوە و دواتر چەند سروود و گۆرانییەک پێشکەش کرا".



سەرچاوەکەی (باس) ئەوەشی خستە ڕوو: "پێشتر و لە بۆنەی تردا پەکەکە لە خورماتوو ئاھەنگی ساز داوە و خەڵکێکی زۆر بەشداریی تێدا دەکرد، بەڵام لە ئاھەنگەکەی ئەمساڵدا خەڵکێکی کەم بەشداریی کرد و ئەمەش بەھۆی تووڕەیی خەڵکی خورماتووەوە دێت لە کادیرانی پەکەکە، کە چەندین ھەرزەکار و گەنجی قەزاکەیان بردووە بۆ چیا، بۆ بوون بە گەریلا".



سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، کە سەر بە پەکەکەن، لە خورماتوو بارەگایان ھەیە و بە ئارەزووی خۆیان کار دەکەن، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی فەرمییان لە حکوومەت وەرگرتبێت و پێشتریش چەندین جار ھەوڵیان دا لەگەڵ ھاووڵاتییان و ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی خورماتوو بکەن بە کانتۆن، بەڵام تەواوی ئەو لایەنە سیاسییانە، ئەو ھەنگاوەی پەکەکەیان ڕەت کردەوە و وەک دابەشکارییەک بینییان بەرامبەر خاکی کوردستان، لە کاتێکدا خورماتوو خۆی زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە کەرکووکیش دابڕاوە و خراوەتە سەر پارێزگای سەڵاحەدین".



بەپێی زانیارییەکانی ، لە ئاھەنگەکەی پەکەکەدا لە خورماتوو، ژمارەیەک گەنج ئاھەنگەکەیان بەجێھێشت، دوای ئەوەی داوایان لە سەرپەرشتیارانی ئاھەنگەکە کرد بۆ دانانی ئاڵای کوردستان، بەڵام ئەندامانی پەکەکە ئەو داوایەیان ڕەت کردەوە و تەنیا وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ئاڵای پەکەکە و کەچەکە و وێنەی (گیانبەختکردووانی) خۆیانیان ھەڵواسیبوو و ئاڵای کوردستانیش قەدەغە بوو.



سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەو ئاھەنگانەی کە پەکەکە لە شار و شارۆچکەکان ئەنجامی دەدات، بۆ ئەوەیە کە کاریگەری بخەنە سەر بیر و ھۆشی گەنجان بۆ ئەوەی بچنە ناو ڕیزەکانیانەوە لە شاخ و شار، پێشتریش و لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، پەکەکە لە سنووری کفری و کەلار، ئاھەنگی ساز دەدا و دوای ئاھەنگەکان، ژمارەیەک گەنج دەوڕۆشیتن و دەبوون بە گەریلا".



لەم بارەوە عەرەفات کەرەم، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند: "ئەو جموجۆڵ و ئاھەنگانەی کە پەکەکە لە گەرمیان و لە شوێنەکانی تر دەیکات، بە دڵنیاییەوە دەیڵێم بۆ خزمەتی خەڵکەکە نییە، چونکە ئەوان ھەمیشە ھەوڵ دەدەن، دووبەرەکی دروست بکەن و خەڵکی گەرمیانیش زەرەرمەندی یەکەمی دەستی پەکەکەن، کە ئەوان زیاتر لە ٢٥ ساڵە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ھەرزەکاران و گەنجانیان دەبرێت بۆ قەندیل و دەیانکەن بە گەریلا و لەپێناو چارەنووسێکی نادیاردا لە ماڵبات و خوێندن و کاردا دادەبڕێن".



ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشی خستە ڕوو: "ڕۆژانە گلەیی ھاووڵاتییانمان بۆ دێت لە ناوچە جیاجیاکانەوە لەسەر بوونی پەکەکە، چونکە دەبنە ھۆی شەڕ و ھەرزەکار بردن بۆ چیا و ھاوکات گوندە سنوورییەکانی کوردستان بەھۆی بوونی ئەوانەوە رۆژانە بۆردومان دەکرێن و خەریکە ھێدی ھێدی کەس لەو گوندانە نامێنێت و ھەموویان کۆچ دەکەن بۆ شار و شارۆچکەکان".



ڕاشی گەیاند: "پارتی کرێکارانی کوردستان، پێویستە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و کار لەسەر مافە یاساییەکان بکات و شەڕی سیاسی بکات لە تورکیا و کوردستانی باکوور، لەبەر ئەوەی بەھۆی سیاسەتی ئێستای پەکەکە، لە کوردستانی باکووریش ژیانی ھاووڵاتییان تێک چووە، و رۆژانە لە خۆپیشاندان و شەڕ و ئاڵۆزیدان".









باسنیوز
Top