"ئەوانەی ناوی خەڵک بۆ حەشدی شەعبی دەنووسن، باجێکی زۆر قورس دەدەن"
(نازم کەبیر)، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ناونووسکردنی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ ڕیزەکانی حەشدی شەعبی قابیلی قبووڵ نییە و دەستووریش ڕێ بەوە نادات، کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆ حەشدی شەعبی ناونووس بکرێت، زۆرن ئەو یاسایانەی دژی چەکدارکردنی ھاووڵاتییانن لە دەرەوەی سیستەمی وەزارەتی پێشمەرگەدا. ھەرھێزێک لە دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم دابمەزرێت، دەبێتە ھێزێکی نافەرمیی و دەچێتە خانەی خیانەت و جاشایەتییەوە، ھەرھێزێکی نێوخۆی ھەرێمی کوردستانیش سەربە لایەنێکی دەرەوە بێت، لەم هەرێمەدا شوێنی نابێتەوە، ھەرلایەنێکی سیاسیش لەپشت پرۆسەکەوە بێت، ئەوە نوێکردنەوەی کەلتووری جاشایەتییە و مێژووش بەزەیی بە کەسدا نایەت، کە بیەوێت جاشایەتی لە هەرێمی کوردستاندا زیندوو بکاتەوە.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەیشی دا: ''ھەرکەس و لایەنێکی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و نێو ھەرێمیش دەستی لەپشت چەکدارکردنی ھاووڵاتییان بۆ حەشدی شەعبیدا ھەبێت، ئەو کەس و لایەنە بەرپرسە لە ھەرشتێکی ڕوو بدات، چونکە نیشانەی شەڕفرۆشتنە بە ھەرێمی کوردستان و دەبێ ھەرئەوانیش ئۆباڵی شەڕەکە لەئەستۆ بگرن و باجەکەیشی قورس دەبێت. لە ھەرێمی کوردستاندا ھەرکەسێک لەسەری ساخ بێتەوە، کە دەستی لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ نێو حەشدی شەعبیدا هەیە، لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا دەکرێت، جا ئەوکەسە لە ھەر پلە و پۆستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بێت.''
kdp-
