عارف ڕوشدی: پارتی لەگەڵ ئەوەدایە کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت
(عارف ڕۆشدی)، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''پێش ماوەیەك (سەرۆك بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەستپێشخەرییەكی ڕاگەیاند و هەموو لایەنە سیاسییەكانیش پێشوازییان لێ كرد. دەستپێشخەرییەكە لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بوو، گۆڕانگارییەكانی ئەمڕۆش خێران و ئەوەمان لێ دەخوازن، كە یەكڕیز بین. ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە، دەرفەتێكی مێژوویییە. نابێ هەندێك لایەن ماندووبوونی خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە، كە بە هەزاران شەهید و برینداریان داوە، بۆ بەرژەوەندیی حزبی بقۆزنەوە و نێوماڵی كورد تێك بدەن. دەبێ هەموو لایەنەكان دەست لە بەرژەوەندیی حزبی بەربدەن و دەست لەناو دەستی یەكدی بنێن و یەكڕیز بن. چونكە ئەگەر ئەو دەرفەتەی هاتووەتە پێش لەدەستی بدەین، 100 ساڵی دیكەش كورد بەو دەرفەتە ناگاتەوە. هەموو وڵاتانی جیهان تێدەگەن خواستی گەلی كورد سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانە، چونکە دەزانن مافێكی ڕەوای گەلی كوردە. بۆیە دەبێت لایەنەكان ئەوە بەهەند وەربگرن و بە جددی كاری لەسەر بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی بگات.''
(عارف ڕوشدی) گوتی: ''پارتی بە هیچ شێوەیەك لە پەیامی (سەرۆك بارزانی) پاشگەز نەبووەتەوە، بەڵكو مكوڕە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پەیامە و چاوەڕوانی لایەنەكانی دیكەیە بۆ ئەوەی پێكەوە دابنیشن و بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی، لەگەڵ ئەوەی هەرشتێك لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بێت، پارتی ئامادەیە بیكات.''
ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: ''پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان 100% لەگەڵ ئەوەن كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت.''
kdp-
