سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دھۆک: سێ دەروازەی دیکە لە نێوان ھەرێم و تورکیا دەکرێنەوە
گوتیشی: "بە بەرزکردنەوەی رێژەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و کەرتەکانی دیکەی گشتی و تایبەت لە بەرنامەی تورکیا و ھەرێمی کوردستاندایە جگە لە ھەردوو دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل و دەروازەی سەرزێڕ، سێ دەروازەی دیکەی سنووری لە سنووری پارێزگای دھۆک بکەنەوە بەمەش ھەم رێژەی بازرگانی نێوان ھەردوولا بەرز دەکاتەوە و ھەمیش پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ھەردوولا بەھێزتر دەبێت، یەکێک لە دەروازەکان بەناوی شیناڤا و یەکێکی دیکەیش پردێک دەبێت کە لە نزیک دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل دروست دەکرێت و دەروازەی سێیەمیش تا ئێستا ناوەکەی بەتەواوی یەکلایی نەبووەتەوە، کۆبوونەوەکانیش بەردەوامن و لێکتێگەیشتنێکی باشیش لە نێوان ھەردوولا ھەیە لەسەر ئەو پرسە".
ئەیاد حەسەن گوتیشی: "وێڕای کێشەی بوونی پەکەکە لە نزیک سنوورەکانی دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل، بەڵام تورکیا و ھەرێمی کوردستان زاڵبوونە بەسەر ئەم کێشانە و بەھیچ شێوەیەک سڵیان لەوە نەکردووەتەوە کە بە ھۆی پەکەکە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان تێکبچێت، خاڵێکی دیکەی ئەرێنی ئەوەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسایشی ناوچەکەی پاراستووە و ئەمەیش متمانەیەکی گەروەی بۆ کۆمپانیاکانی بیانی بە تایبەت کۆمپانیا تورکییەکان دروست کردووە، ھەموو لایەکمان لەو باوەڕەداین کە تورکیا وێستگەیەکی گرنگە بۆ ئابووری ھەرێمی کوردستان".
سەرۆکی ژووری بارزگانی و پیشەسازی دھۆک، ئەیاد حەسەن دەڵێت: "دوای کەوتنی شارەکانی ئەنبار، رومادی و مووسڵ زیانی زۆر بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق کەوت، بۆیە دوای ئەوەی تەواوی پارێزگای نەینەوا لە چنگ تیرۆریستانی داعش کۆنتڕۆڵکرایەوە جمجۆڵی بارزگانی دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، ھەرچەند تا ئێستا بەشێکی زۆری شاری مووسڵ کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، بەڵام بەھۆی نا سەقامگیری رەوشی شارەکە تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست جموجۆلی بارزگانی و ئاڵوگۆڕی کەلوپەل بکرێت لە نێوان پارێزگای دھۆک و پارێزگای نەینەوا، ھەرکاتێک ھەڕەشەی داعش نەما و ناوچەکە پارێزراو بوو بێگومان ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەورە لە نێوان پارێزگای ھەولێر و دھۆک لەگەڵ پارێزگای نەینەوا دێتە ئاراوە، گرنگی پارێزگای نەینەوا بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بازاڕەکانی مووسڵ بازاڕی بەکاربەرن".
دەشڵێت: "دھۆک دەروازەی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای نەینەوا دەبێت، چونکە پردی پێکەوە بەستنەوەی مووسڵە بە تورکیا و تورکیا بە ئەورووپا، ئەمەیش دەبێتە ھۆی ئەوەی کۆمپانیاکان لە رێگەی پارێزگای دھۆکەوە کار لەسەر دووبارە بونیاتنانەوەی پارێزگای نەینەوا بکەن، چاوەڕوانکراویشە کە زۆرینەی کۆمپانیاکان روو لە پارێزگای دھۆک دەکەن بە مەبەستی کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاری مووسڵ دوای نەمانی داعش".
سەرۆکی ژووی بارزگانی و پیشەسازی دھۆک، ئەیاد حەسەن ئاماژەی بە ژمارەی کۆمپانیاکانی سنووری پارێزگای دھۆک دا و گوتی: "لە سەرتاسەری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٣ ھەزار کۆمپانیا ھەن لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، گەشتیاری، گواستنەوە، پیشەسازی و کشتوکاڵی کار دەکەن، لەو ژمارەیە ٣٠٠ کۆمپانیایان بیانیین، ٩٠ لە سەدی کۆمپانیا بیانییەکانی سنووری پارێزگای دھۆک کۆمپانیای تورکین کە ژمارەیان ٢٨٠ کۆمپانیایە کە لە چەندین بواری جیا جیا خزمەتیان بە ھەرێمی کوردستان و پارێزگای دھۆک بە تایبەتی گەیاندووە، ھەر لەم پارێزگایەدا زیاتر لە ٨ ھەزار بازرگان لە ناوخۆ و دەروەی ھەرێمی کوردستان کاری بارزکانی دەکەن".
ئەیاد حەسەن باس لە سەرکەوتنی کاری کۆمپانیاکانی تورکی دەکات و پێیوایە "کارەکانیان جێگەی رەزامەندی ھەموو لایەک بووە" و لەوبارەیەوە دەڵێت: "لە ئێستادا ئەو کۆمپانیایانە بوونەتە جێگەی متمانە بە ئابووری نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، ھەرچەند بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش ژمارەیەک کۆمپانیا کارەکانیان وەستاوندووە، بەلام ئەوانیش چاوەڕوانن کە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و داعش نەمێنێت، تاوەکو دەست بە کارەکانیان بکەنەوە. ئەوانەی ئێستا کار دەکەن جێگەی رەزامەندی ھاووڵاتییانن ھەم لە رووی نرخ کە گونجاوە، ھەم کواڵیتی کارەکان بە باش وەسف دەکەن، ھەروەھا تورکیا لە رێگەی کۆمپانیاکانی چەندین پڕۆژەی ئاو و کارەبای لە سنووری پارێزگای دھۆک دروست کردووە".
سەرۆکی ژووی بارزگانی و پیشەسازی دھۆک بە ناوی زیاتر لە ٨ ھەزار بازرگان داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکات کە ئاسانکاری بکات لە پێدانی ڤیزە بە بارزگانان و ھاووڵاتییان، دەڵێت: "ئەو کاتەی پێدانی ڤیزە سیستەمی ئەلیکترۆنی بوو کارەکانمان زۆر ئاسان بوو، جموجۆڵ زۆر زیاتر بوو، بەڵام دوای ئەوەی سیستەمی ئەلیکترۆنی ھەڵگیرا کارەکانمان بە گشتی ئەستەم بووە، بۆیە ھیوادارین تورکیا کارئاسانیمان بۆ بکات.. بەھۆی نەبوونی سیستەمی ئەلیکترۆنی ڤیزە چەندین جار ھەبووە ھەفتەیەک تا دوو ھەفتە لە چاوەڕوانی ماوینەتەوە".
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە لە بەرنامەی ژووری بارزگانی و پشەسازی دھۆک دایە لە ئاییندەکی نزیکدا ١٠٠ کۆمپانیای دیکەی تورکی لەگەڵ کۆمپانیای ناوخۆیی کۆنفرانسێک ئەنجام دەدەن بۆ ئەنجامدانی کاری ھاوبەش لە سنووری پارێزگای دھۆک.
payamner -
