ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییان دەکات
محەمەد یوسف، سەرۆكی لێژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "ڕاپۆرتێكمان لەسەر زیادەڕەوییەكان بە شێوەیەكی گشتیی لە هەرێمی كوردستان ئامادە كردووە و ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیمان كردووە، تا ئەویش بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی بەرز بكاتەوە، لە ڕاپۆرتەكەدا داوامان كردووە كە یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییان كردووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی: "ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكەی لێژنەی شارەوانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕێگریكردنە لە زیادەڕەوییەكان بۆ سەر موڵك و ماڵی گشتی، هەروەها داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانمان كردووە، چونكە ئەو یاسایانەی ئێستا هەن بۆ پاراستنی موڵك و ماڵی گشتی توندوتۆڵ نین، بۆیە پێویستە هەموار بكرێنەوە، لەوانەش یاسای بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕویی و توندكردنی سزاكان، هەروەها هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 و هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 6ی ساڵی 1996ی ئەنجومەنی شارەوانییەكان."
ئەوەشی خستەڕوو، "هەر لەو چوارچێوەیەشدا داوای دابەشكردنی یەكەی نیشتەجێبوونمان بۆ هاووڵاتییان بە شێوەیەی كارگێڕی و مۆدێرن كە دادپەروەری هەبێت كردووە، هەروەها ئەوانەی كە تا ئێستا خانوویان نییە، پێویستە زەویان پێ بدرێت، یان یەكەی نیشتە جێبوونیان بۆ دابین بكرێت."
باسنیوز
