هەڵسووڕاوێکی گۆڕان هێزێکی حەشدی شەعبی دروست دەکات
سەردار عومەر ئاغا سوورچی، هەڵسووڕاوی گۆڕان لە سنووری سۆران، بە میدیاکانی سلێمانی ڕاگەیاندووە: "بەهۆی نزیکایەتی و پەیوەندیم لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکوومەتی عێراق، بەڵێنی ئەوەیان پێداوم کە هێزێکی سەربازی لە گەنج و لاوانی دەڤەرەکە پێکبهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش داوای ناونووسینیان لێ کردووم، تا ئیستاش نزیکەی سێ هەزار گەنج و لاوی ئەم دەڤەرە ناوی خۆیان تۆمار کردووە".
لەم بارەوە، کرمانج عێزەت، قایمقامی قەزای سۆران رایگەیاند: "ئاگاداری ئەو کەسە کراوەتەوە و لە سنووری سۆران جگە لە هێزی پێشمەرگە، هیچ هێزێکی دیکە نابێ بوونی هەبێت".
ئەوەشی ئاشکرا کرد: "ڕێگە نادرێت بە هیچ هەوڵێکی لەو شێوە و ناشکرێت هیچ حزبێک لەژێر هیچ پاساوێکدا بێت و ئەو کارە بکات". گوتیشی: "ئەو کەسە هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ بەغدا نزیک بکاتەوە، بۆ ئەوەی هاوکاری لەوێوە وەربگرێت”.
پێشتر ئەوە ئاشکرا کرابوو کە ئەو هەڵسووڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە سنووری شارەدێی خەلیفانی سەر بە شاری سۆران، کار بۆ دروستکردنی هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی دەکات.
حەشدی شەعبی میلیشیایەکی شیعەیە کە لە زیاتر لە 60 يەکەی چەکداری پێکدێت و زۆرینەی هەرە زۆری دەستەی حەشدی شەعبی ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و کار بۆ بەرژەوەندییەکانی پێکهاتەی شیعەی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق دەکات.
باسنیوز
