نوورەدینی: دوای لاوازبوونی داعش، عێراق دەچێتە قۆناغێكی نوێی سیاسییەوە.. كاتی ریفڕاندۆمە
دكتۆر (عومەر نوورەدینی)، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەنجامدانی راپرسی لەبارەی دیاركردنی دواڕۆژی خەڵكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، مافێكی یاسایی و شەرعیی خەڵكی كوردستانە، تا لەو ڕێگەیە سەردەمییەوە ئەو گەلە ئازادیخوازانەی تا ئێستا نەگەییشتوون بە مافەكانیان و نەبوون بە خاوەنی دەوڵەت و سەروەریی خۆیان، بتوانن شاد بن بەو مافەی خۆیان، هەروەها ریفراندۆم بەكار بێنن بۆ ئەوەی ھەوڵ بدرێت لەو رێگەوەیە بگەن بە سەروەریی خۆیان، لە چەندین وڵاتی جیھانیش ئەو نموونەیە تاقی كراوەتە و سەركەوتوویش بوون، لە ئەنجامی ریفراندۆم چەندین دەوڵەتیش لە دایك بوونە، خەڵكی ھەرێمی كوردستان پێویستە خۆیان لەگەڵ عێراق یەكلا بكەنەوە و پاشەڕۆژیان دیار بێت، بە تایبەتی دوای قۆناغی لاوازبوونی داعش لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە عێراق دەچێتە قۆناغێكی دیكەی سیاسییەوە".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتیشی: "كارێكی باشە ئەگەر ھەرێمی كوردستان لەگەڵ تەواوبوونی شەڕی تیرۆریستانی داعش، پڕۆسەی ریفڕاندۆم ئەنجام بدات، چونكە لەو رێگەیەوە شەرعییەت لە خەڵك وەردەگیرێت و ئەو كات ھاووڵاتیان بڕیار دەدەن ئایا لەگەڵ عێراق بمێننەوە یاخود شێوازی مانەوەمان لەگەڵ عێراق چ جۆرێك بێت یانیش لە عێراق جیا ببینەوە، مەرجیش ئەوەیە یەكسەر دوای ریفڕاندۆم دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیێنین، بەڵام كە بۆچوونی خەڵكی كوردستان زانرا دەبێتە بەرچاوڕوونی بۆ سەركردایەتیی سیاسی و گشت لایەنەكان تا لەسەر ئەو بنەمایە كار بكەن لە نێوخۆ و دەرەوەیشدا".
(نوورەدینی) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "كات زۆر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم، بەڵام لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی و دەستنیشانكردنی وادەی ریفڕاندۆم و ھەندێ رۆتینیات ئەوە دەوەستێتە سەر لایەنە سیاسییەكان دانوستان بكەن و بگەنە رێككەوتنێك لەو بارەیەوە، ھەتا ئەگەر دانوستانیش لەگەڵ بەغدا بكرێت شتێكی باشە، تا بۆچوونی بەغدایش وەربگرێت لەسەر پڕۆسەكە، ئەگەر باسی قۆناغەكە بكەین، من دەڵێم زۆریش گونجاوە و كاتیەتی".
pdk -
