ئەحمەد وەرتێ: نابێ پەكەكە دەست بخاتە ناو كاروباری هەرێمی كوردستانەوە

 	 ئەحمەد وەرتێ: نابێ پەكەكە دەست بخاتە ناو كاروباری هەرێمی كوردستانەوە
سەرۆكی سەنتەری ئاییندە بۆ لێكۆڵینەوە دەڵێ، پەكەكە بۆ پارچەكانی خۆیان چ بژاردەیەكیان پێ باشە ئەوە ھەڵبژێرن، بەڵام بۆیان نییە دەست بخەنە ناو كاروباری كوردستانەوە.

(ئەحمەد وەرتێ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو ئەو ھێزانەی كە ھێزی دەرەوەی ھەرێمی كوردستانن، واتا پارچەكانی تری ھەرێمی كوردستان، پێویستە ڕەچاوی باردۆخی ھەرێمی كوردستان بكەن لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، سەربازی و کۆی بوارەكانەوە، چونكە ھەرێمێكە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدایە و نیمچە سەربەخۆییەكی ھەیە و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، بۆیە پەكەكەیش لەم چوار چێوەیەدا پێویستە ھەڵسوكەوت بكات، واتا دەبێ ڕەچاوی تایبەتمەندیی ھەرێمی كوردستان بكات و دەست نەخاتە ناو كاروبارێك كە پەیوەندی بە ناوخۆی ھەرێمی كوردستانەوە هەیە چ لە ڕووی سیاسییەوە بێت، چ لە ڕووی جیۆگرافی یاخود لە ڕووی سەربازییەوە بێت، بۆیە پێویستە پەكەكە لە چوارچێوەی دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستاندا ھەڵسوكەوت بكات و ھەڵوێستێكی نەبێـت كە زیان بە ئەزموونی كوردستان بگەیێنێت".

(وەرتێ) گوتیشی: "پێویستە پەكەكە ڕەچاوی دۆخی ئەم ھەرێمە بكەن وەك كیانێك نەك وەك حزبێك، چونكە ئەوان لە ڕابردوودا لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیشدا كێشەیان ھەبووە، خۆ تەنیا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا كێشەی نەبووە. سنوورێكی جیۆگرافیی بەرفراوانی ھەرێمی كوردستان و گوند و دێھاتێكی زۆر لە ژێردەستدایە، لە كاتێكدا ئۆپۆزسیۆنی كوردییش لە پارچەكانی تری ھەرێمی كوردستاندا ھەن، بەڵام ئەوان توانیویانە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم تایبەتمەندییەی ھەرێمی كوردستان ھەیەتی و لە چوارچێوەی دامودەزگاكانی ئێرە ڕەچاوی ئەم بارودۆخەیان كردووە، بۆیە پەكەكەیش پێویستە وەك ئەوان ڕەچاوی ئەم بارودۆخە بكەن و، كارێك نەكەن كە گرژی و ئاڵۆزی دروست ببێت، ئەگەر ھەرێمی كوردستانیش پێویستی بە ئەوان بوو بە سوپاسەوە داوایان لێ دەكات، وەك ئەوەی بەشدارییان كردووە لە پارێزگاریكردن لە چەند ناوچەیەكی ھەرێم، بەڵام كە پێویست ناكا بمێننەوە، پێویستە ئەوانیش ئامادە بن كە ئەو ناوچەیە چۆڵ بكەن وەك چۆن ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆبانی كشایەوە دوای ئەوەی ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ كرد".

ئاماژە بەوەی کە پەکەکە پێشتر داوای كوردستانی سەربەخۆیان دەكرد و ھەوڵیان بۆ كوردستانی گەورە دەدا، بەڵام ئێستا ھەڵویستیان گۆڕاوە و دەڵێن، چارەسەری دیموكراسی هەڵدەبژێرین، سەرۆكی سەنتەری ئاییندە دەڵێ: "پەكەكە دەتوانێ بۆ پارچەكانی خۆیان چ بژاردەیەكیان پێ باشە ئەوە ھەڵبژێرن، ئەو چارەسەرە دیموكراسییە بۆ پارچەكەی خۆیانی داوا بكەن، بەڵام بۆ ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئەوە جێگیر كراوە و مافی چارەنووس ئێستا لە چوارچێوەی فیدڕاڵییە، ئەگەر لە داھاتوویشدا سەربەخۆ بوو، ئەوا خەڵكی باشووری كوردستان خۆی بریار دەدات و، ئەوان نابێـت دەست بخەنە ناو كاروباری سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئیرادەی خەڵكی ھەرێمی كوردستانەوە".
pdk -
Top